دواین هەواڵ

عێراق‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

عەلی زەیدی کۆمەڵێک ڕێکاری نوێ بۆ ئاسانکاریی دابینکردنی دۆلار و سەقامگیریی بازاڕ دەردەکات

هەرێم نیوز
⠀
عەلی فالح زەیدی سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەقامگیریی دارایی و بانکە حکومییەکانی کرد و کۆمەڵێک ڕێکاری نوێی بۆ ئاسانکاریی دابینکردنی دۆلار و سەقامگیریی بازاڕ ڕاگەیاند.
⠀

ئەمڕۆ شەممە، 21ـی 11ـی 2026، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی سیاسەتی نەختینەیی و پێداچوونەوە بە دۆخی بانکە حکومییەکان و ڕێکارەکانی سەقامگیرکردنی نرخەکان لە بازاڕی ناوخۆدا.
⠀
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەش کردووە، عەلی زەیدی بانکە حکومییەکانی ڕاسپاردووە بۆ ئاسانکردنی ڕێکارە کارگێڕی و هونەرییەکانی تایبەت بە دابینکردنی دۆلار بۆ بازاڕ و وەزارەتی داراییشی ڕاسپاردووە بۆ ئاسانکاری لە وەرگرتنی باج و ڕسووماتی گومرگی لەسەر کاڵا هاوردەکراوەکان.
⠀
هاوکات بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی داوە لە ژمارەیەک وەزیر و سەرۆکی دەستە پەیوەندیدارەکان بۆ ئامادەکردنی پێشنیازی پێویست لەبارەی پێناسی گومرگی بە جۆرێک کارەکانیان لە ماوەی زۆرتریندا ٧٢ کاتژمێردا تەواو بکەن.
⠀
لە چوارچێوەی دابینکردنی دراوی بیانی بە نرخی فەرمی، عەلی زەیدی بانکی بازرگانیی عێراقی ڕاسپاردووە بۆ فرۆشتنی دۆلار بە نرخی فەرمیی بانکی ناوەندی کە ١٥٢٠ دینارە بۆ هەر دۆلارێک.
⠀
هەروەها داوای کردووە لێکۆڵینەوە لە ئەگەری فراوانکردنی ڕۆڵی بانکەکان بکرێت بۆ پارەدارکردنی کارتی بازرگانان بە نرخی فەرمی و بە بڕێک کە بگاتە ١٠٠ هەزار دۆلاری مانگانە بەپێی ڕێنمایی و توانای بەردەست.
⠀
لە کۆتاییدا سەرجەم بانکە حکومییەکان ڕاسپێردراون بۆ ئاسانکاری لە ڕێکارەکانی کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ کۆمپانیا و هاووڵاتییان و تەواوکردنیان لە ماوەیەکدا کە لە ٢٤ کاتژمێر تێپەڕ نەکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP