دواین هەواڵ

کوردستان‌

 1 کاتژمێر پێش ئێستا

مەسرور بارزانی: شەڕی براکوژی حەرام کراوە و هەرگیز ئەو بابەتە ناکرێتەوە

هەرێم نیوز
⠀
مەسرور بارزانی ڕایدەگەیەنێت، شەڕی کورد و کورد حەرام کراوە و هەرگیز ئەو بابەتە ناکرێتەوە و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە کەس بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی پەرلەمان ناچار نەکراوە.
⠀
ئەمڕۆ شەممە، 21ـی 11ـی 2026، مەسرور بارزانی لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی شەمس ڕایگەیاند، بە درێژایی مێژوو پارتی سەرکەوتوو بووە بەڵام هەردەم تەنازولیشی کردووە و پاراستنی هەرێم و دامەزراوەکانیشی بە کردار و گەڕاندنەوەی شەرعیەت دێت.
⠀
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش کردووە، بارزانی شەڕی کورد و کوردی حەرام کردووە و بانگەوازیش لە هەموو خەڵکی کوردستان دەکات کە دووربکەونەوە لە شەڕی براکوژی و قۆناغی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی تێپەڕێنن هەرچەندە جیاوازیی سیاسی هەبێت.
⠀
سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی کوردستان مەسرور بارزانی وتی، ئەوانەی دەنگی خەڵکیان بەدەستهێناوە بەرامبەر ئەو دەنگە بەرپرسیارن و ئەوانەشی هاتوونەتە پەرلەمان ڕێگا ڕاستەکەیان هەڵبژاردووە و کەس بە زۆر نەبراوە.
⠀
هەروەها ڕوونیکردووەتەوە، ئەگەر هەندێک هەڕەشە و ئاستەنگی لایەنەکانی دیکە نەبووایە زۆرێکی دیکە بەشدارییان دەکرد و ئەو دەنگۆیانەشی لەسەر ئەوان دەوترێن تەنیا پڕوپاگەندەن و ڕاست نین بەڵکو کەسانێکی دیکە خەڵکیان بە بارمتە گرتبوو بۆ ئەوەی نەیەنە پەرلەمان.
⠀
لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێوە مەسرور بارزانی جەختی کردەوە، بابەتی حکومەت بە ئەوەوە نەبەستراوەتەوە بەڵکو ئەوە دەنگ و هەڵبژاردنی گەلە و ئەوانیش کاری خۆیان دەکەن.
⠀
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە هەر ئەمڕۆ شاندی مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی لە هەولێر کۆبوونەوە و یەکێتی داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و دەستلەکارکێشانەوەی سێ پەرلەمانتارەکەی پێشووی کرد و پارتیش هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی ڕەت کردەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP