هەرێم نیوز
لە کاتێکدا بەرپرسانی باڵای عێراق و تورکیا گفتوگۆیان لەسەر دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک کردووە.
محەمەد سەمعان ئاغا، وەزیری دەوڵەت لە حکومەتی عێراق و سەرۆکی بەرەی تورکمانی، سەردانی ئەلپئارسلان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیای کردووە و لە کۆبوونەوەیەکدا چەندین بابەتی پەیوەست بە هاوکاریی ئابووری و وزەیان تاوتوێ کردووە.
وەزیری وزەی تورکیا ئاشکرای کردووە کە لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیان لەسەر بەشداریی کۆمپانیای نەوتی تورکیا لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک کردووە، لەگەڵ ئەو دەرفەتە ئابووری و بازرگانییانەی کە پرۆژەی ستراتیژیی «ڕێگای گەشە» دەیانڕەخسێنێت.
بایراکتار ئاماژەی بە گرنگیی هاوکاریی نێوان هەردوو وڵات لە بواری وزە و وەبەرهێناندا کردووە، بەتایبەتی لە کەرکووک، کە یەکێکە لە ناوچە گرنگە نەوتییەکانی عێراق.
لە لایەکی دیکەوە، محەمەد سەمعان ئاغا پێشتر وەک یەکەم پارێزگاری تورکمانیی کەرکووک دەستنیشان کرابوو، بەڵام بەم دواییە پۆستەکەی بەجێهێشت و کەسێکی دیکە لە حزبەکەی جێگەی گرتەوە، دوای ئەوەی خۆی لە بەغداد پۆستی وەزاری وەرگرت.
ئەم گفتوگۆیانە لە کاتێکدا دێن کە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک و پرۆژەی ڕێگای گەشە، بوونەتە دوو بابەتی گرنگ لە پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان عێراق و تورکیا.