ھەرێم نیوز
گۆڕانکاریی مێژوویی لە نەخشەی سیاسەتی جیهانیدا؛ پوتن پێکهاتنی سیستمی فرەجەمسەر ڕادەگەیەنێت و پشتیوانیی مسکۆ بۆ ئەفریقا دووپات دەکاتەوە.
فلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، ڕایگەیاند کە پێکهاتنی جیهانێکی فرەجەمسەر بووەتە ڕاستییەکی نەگەڕاوە، و ئاماژەی بەوە کرد کە سەردەمی ئەوەی کتلەیەکی تەسک لە وڵاتان چارەنووسی گەلان دیاری بکەن کۆتایی هاتووە.
پوتن جەختی لەوە کردەوە کە ئەم گۆڕانکارییە زەمینە خۆش دەکات بۆ سیستمێکی نێودەوڵەتیی دادپەروەرتر، کە تێیدا دەنگی هەموو وڵاتێک لە گفتوگۆ نێودەوڵەتییەکاندا لەسەر بنەمای یەکسانی بیستراو بێت.
لە گوتارەکەیدا لە لوتکەی قۆناغی «ڕووسیا - ئەفریقا» کە لە مسکۆ بەڕێوەچوو، پوتن باسی لە قووڵایی هاوبەشیی مێژوویی نێوان مسکۆ و قاڕەی ئەفریقا کرد و ڕایگەیاند کە ڕووسیا و ئەفریقا پێکەوە کار دەکەن بۆ ڕەخساندنی مەرجەکانی بونیاتنانی ئەم جیهانە دادپەروەرە نوێیە.
هەروەها ئاماژەی بە مێژووی پشتیوانیی ڕووسیا بۆ بزووتنەوەکانی ڕزگاریی نیشتمانی لە ئەفریقا و ڕۆڵی سەرەکیی مسکۆ لە دامەزراوندنی وڵاتی سەربەخۆ، گەشەپێدانی ئابووری، و بونیاتنانی هێزی سەربازیی ئەو وڵاتانە کرد.
لە کۆتایی قسەکانیدا، سەرۆکی ڕووسیا ئاماژەی بەوە دا کە ڕێگەی بونیاتنانی سیستمی جیهانیی نوێ بێ بەربەست نییە، و ڕووبەڕووی بەرەنگاربوونەوەی ئەو وڵاتانە دەبێتەوە کە هێشتا دەستیان بە هزری داگیرکاریی کۆنەوە گرتووە و دەیانەوێت لەسەر حیسابی گەلانی تر دەوڵەمەند ببن، بێ ئەوەی ئامادە بن واقیعە ژیوپۆلەتیکییە نوێیەکە قبوول بکەن.