دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

دیمەشق داوای چارەسەر بۆ هاووڵاتییە سورییەکانی نێو زیندانەکانی عێراق دەکات

ھەرێم نیوز

پەرەسەندنێکی مێژوویی لە پەیوەندییەکانی بەغدا و دیمەشق؛ هەوڵ بۆ کاراکردنەوەی هێڵی نەوت و دەربازکردنی نەوتی عێراق بۆ دەریای ناوەڕاست
لە یەکەم سەردانی فەرمیی سەرۆکوەزیرانێکی عێراق بۆ سوریا لە دوای ڕووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ەوە، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە پایتەختی سوریا لەلایەن ئەحمەد الشرع، سەرۆکی سوریاوە پێشوازی لێکرا.

 

هەردوو سەرکردە کۆبوونەوەیەکی فراوانیان بۆ پەرەپێدانی هاوکارییە ئابووری، ئەمنی و سیاسییەکانی نێوان هەردوو وڵات ئەنجام دا، کە دراوسێن و زیاتر لە شەش سەد کیلۆمەتر سنووری هاوبەشان هەیە.

لە تەوەرەی سەرەکیی گفتوگۆکاندا، پرسی هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە ڕێگەی هێڵی «حەدیسە - بانیاس» بە توانای دوو ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا خرایە ڕوو.

 

ئەمەش دوای ئەوە دێت کە عێراق لە ماوەی ڕابردوودا بڕە نەوتێکی سنوورداری لە ڕێگەی سوریاوە هەناردە کرد، بەهۆی پەککەوتنی هاتووچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز لە ئەنجامی جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

 

جێگەی باسە لە تەممووزی ڕابردوودا هەردوو وڵات یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان بۆ بوژاندنەوەی ئەم هێڵە واژۆ کرد؛ ئەو هێڵەی کە لە ساڵی ١٩٥٢ دروست کرابوو و لە ساڵی ٢٠٠٣ بەهۆی داگیرکاریی ئەمریکاوە لە کار کەوتبوو، و ئێستاش دیمەشق ڕێککەوتنی لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان لەوانەش کۆمپانیای ئەمریکیی «شیفرون» بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە واژۆ کردووە.

سەرۆکایەتیی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند کە کۆبوونەوەکە تیشکی خستووەتە سەر زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵی بۆ بەدیهێنانی تەواوکاریی خۆراکی و ئابووری.

 

لای خۆیەوە، ئەحمەد الشرع لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا جەختی لەوە کردەوە کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات لە سەرووی هەموو سیاسەتێکی خۆویستانەوەیە و پەیوەندییەکان لە ساڵ و نیوی ڕابردوودا پێشکەوتنی گەورەیان بەخۆیانەوە بینیوە.

جگە لە دۆسیە ئابوورییەکان، پرسی دەستبەسەرکراوان و داعش تەوەرێکی تری هەستیاری کۆبوونەوەکە بوو؛ بە جۆرێک سەرۆکی سوریا باسی لە پرسی گواستنەوەی زیاتر لە پێنج هەزار و حەوت سەد گومانلێکراوی داعش لە سەرەتای ساڵدا لە زیندانەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کوردییەوە بۆ عێراق کرد (کە زیاتر لە سێ هەزار کەسیان سورییەکان بوون)، و جەختی کردەوە کە پێویستە سوریا بەرپرسیارەتیی هاووڵاتییانی خۆی هەڵبگرێت و ئەم بارگرانییە نەخرێتە سەر شانی عێراق.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP