هەرێم نیوز
⠀
لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق میوانداریی بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی بودجە و ستافی پێشکەوتووی وەزارەتی دارایی دەکات بۆ تاوتوێکردنی خشتەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٧.
⠀
ئەمڕۆ دووشەممە، 26ـی 10ـی 2026، فەرمانگەی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاویکردەوە، لیژنەی دارایی بە مەبەستی تاوتوێکردنی خشتەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٧ میوانداریی میلاد زیاد عەبدولمەولا، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی بودجەی وەزارەتی دارایی کرد.
⠀
ئاماژەی بەوەش کردووە، لیژنەکە پێکهاتەی ئامادەکردنی خشتەکانی بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ و پۆلێنبەندییە سەرەکییەکانی لەسەر ئاستی بودجەی بەکاربردن و وەبەرهێنان تاوتوێ کردووە.
⠀
لە کۆبوونەوەکەدا بەراوردی خشتەکانی بودجەی ئەمساڵ لەگەڵ ساڵانی پێشوودا کراوە و چەندین پرسیار لەبارەی قەبارەی تێچوو و داهاتەکان و وردەکاریی خەرجییە سیادییەکان ئاراستەی تیمی وەزارەتی دارایی کراوە.
⠀
هاوکات پرسیار لەبارەی میکانیزمی جێبەجێکردنی بودجەی بەرنامەکان و دیاریکردنی کاتی پێویست بۆ جێبەجێکردنی و دانانی پێوەر بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی کارکردن کراوە بۆ ئەوەی باشترین سوود لە تەرخانکراوە داراییەکان وەربگیرێت.
⠀
لیژنەکە داوای ڕوونکردنەوەی لەسەر ئەو بنەمایانە کردووە کە بۆ دیاریکردنی پشکی دارایی یەکەکان و هەژمارکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی و کورتهێنانی پلانی بۆ داڕێژراو پشتیان پێ بەستراوە.
⠀
لە بەرامبەردا بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی بودجە ڕوونکردنەوەی لەسەر جێبەجێکردنی مۆدێلی بودجەی بەرنامەکان داوە بە ئامانجی ڕێگریکردن لە بەهەدەردانی پارەی گشتی.
⠀
ناوبراو ئەوەشی خستووەتە ڕوو، کە چەندین وۆرکشۆپی تایبەتمەند بۆ تاقیکردنەوەی ئەم شێوازە نوێیە لە ژمارەیەک دامەزراوەدا ئامادە کراوە تاوەکو یارمەتیدەر بێت لە هەڵسەنگاندنی ئاستی جێبەجێکردن و پێوانەکردنی ئەنجامەکان.