هەرێم نیوز
سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە ئەمڕۆ پرۆسەی تێکەڵکردنی فەرمیی هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی شنگال (یەبەشە) بە دامەزراوە ئاسایشییەکانی دەوڵەتی عێراق بەڕێوە دەچێت و بەرپرسیارێتیی ئەمنیی چیای شنگالیش دەگوازرێتەوە بۆ دەسەڵاتی فیدراڵی.
پێشهاتی نوێی ئەمنی لە شنگال و تێکەڵکردنی یەبەشە
ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند: "بە سەرپەرشتی و چاودێریی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، ئەمڕۆ دووشەممە مەراسیمی دابڕینی فەرمیی یەکینەکانی پاراستنی شنگال (یەبەشە) لە دۆخی ئێستایان و تێکەڵکردنیان بە دامەزراوە فەرمییەکانی ئاسایشی دەوڵەتی عێراق بەڕێوە دەچێت."
سەباح نوعمان جەختی لەوەش کردەوە کە بەرپرسیارێتیی ئەمنیی چیای شنگال بە تەواوی دەگوازرێتەوە بۆ دەسەڵاتی فیدراڵی. گوتیشی: "ئەم ڕێوشوێنە بەشێکە لە سیاسەت و بەرنامەی حکوومەتی عێراق بۆ چەسپاندنی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت و دامەزراندنی قۆناغێکی نوێی حوکمڕانیی ئەمنی لە قەزای شنگال."
ستایشکردنی قوربانییدانی ئێزیدییەکان و جێبەجێکردنی دەستوور
لە ڕاگەیەندراوەکەدا پێزانینی حکوومەت دووپات کراوەتەوە و هاتووه: "حکوومەتی عێراق ستایشی ئەو قوربانییە بەرچاوە دەکات کە ڕۆڵەکانی پێکهاتەی ئێزیدی لە بەرگریکردن لە عێراق بە گشتی و قەزای شنگال لە دژی هێزەکانی تیرۆر و توندڕەوی پێشکەشیان کردووە، هەروەها پابەندبوونیان بەرامبەر بە پرەنسیپە نیشتمانییەکان و دەستوور دەسەلمێنێت کە پێکهێنانی گرووپی سەربازی لە دەرەوەی چوارچێوەی هێزە چەکدارە فەرمییەکان قەدەغە دەکات."
پابەندبوونی حکوومەت بە قەرەبووکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی شنگال
حکوومەتی فیدراڵی بەرپرسیارێتیی تەواوی خۆی دووپات کردووەتەوە بۆ پاراستنی مافی ئەندامانی پێکهاتەی ئێزیدی کە دژی تیرۆر شەڕیان کردووە و ئازایانە ڕووبەڕووی ئەجێندای توندڕەوی بوونەتەوە. هاوكات جەختی کردووەتەوە کە حکوومەت پابەندە بە پێدانی قەرەبوو بە کەسوکاری قوربانییان و ئەو کەسانەی بەهۆی ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە، لەگەڵ بەردەوامی لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی قەزای شنگال.