هەرێم نیوز
⠀
دەسەڵاتی دادوەریی عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ مستەفا دەعیر محەممەداوی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای میسان دەرکرد، ئەمەش دوای ئەوەی هەڕەشەی ڕاگەیاندنی یاخیبوون و جیابوونەوەی پارێزگاکەی لە عێراق کردبوو.
⠀
ئەمڕۆ دووشەممە، 26ـی 10ـی 2026، تۆڕی سکای نیوز عەرەبیە لە زاری ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراقەوە بڵاویکردەوە، کە محەممەداوی داوای لە حکومەتی فیدراڵی کردووە پەلە بکات لە کردنەوەی دەروازەی سنووریی شیب لەگەڵ ئێران.
⠀
بەپێی بەڵگەنامەیەکی دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخی سێیەم، نووسینگەی سەرۆک وەزیران سکاڵای تۆمارکردووە و داوای گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی کردووە لەسەر ئەو هەڕەشانەی ناوبراو بۆ جیابوونەوەی پارێزگاکە و پێدانی مۆڵەتی سێ ڕۆژ بۆ کردنەوەی دەروازەکە.
⠀
پێشتر و لە ڕۆژی یەکشەممەدا سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاکە هەڕەشەی ئەوەی کردبوو، ئەگەر تاوەکو ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو دەروازەکە نەکرێتەوە، ئەوا یاخیبوونی مەدەنی ڕادەگەیەنن و پارێزگاکە لە عێراق جیادەکەنەوە.
⠀
هەر لەم چوارچێوەیەدا، نووسینگەی ڕاگەیاندنی عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، کە ڕێنمایی دراوە بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەگەڵ محەممەداوی بەهۆی بەکارهێنانی وشەی نەشیاو و هەڕەشەکردن بە ڕاگەیاندنی یاخیبوون.
⠀
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم هەنگاوە بۆ جەختکردنەوەیە لەسەر جێبەجێکردنی یاسا و پەیڕەوکردنی ڕێکارە دەستوورییەکان لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیە خزمەتگوزارییەکاندا.
⠀
ئەم گرژییانە لە کاتێکدان کە ڕۆژی سێشەممە ٢٠ـی ئەم مانگە حکومەتی عێراق بڕیاری داخستنی دەروازەی سنووریی شیبی لەگەڵ ئێران تاوەکو کاتێکی نادیار دەرکرد، کە بووە هۆی دروستبوونی ناڕەزایەتی و داخستنی ڕێگای کۆمپانیا نەوتییەکان لەلایەن هاووڵاتییانەوە بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی جووڵەی بازرگانی.