دواین هەواڵ

جیهان‌

 1 کاتژمێر پێش ئێستا

ترسی مۆسکۆ خەو لە ئەوروپییەکان دەزڕێنێت

هەرێم نیوز

لە شاخەکانەوە تا تونێلی میترۆکان ئەوروپاهەموو ماڵێک دەخاتە حاڵەتی جەنگەوە

ئەوروپا دەکەوێتە حاڵەتی ئامادەباشیی سەربازی؛ پلانی ٧٢ کاتژمێر بۆ مانەوەی خێزانەکان لە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ مۆسکۆ
لە نیشانەیەکی ڕوونی گۆڕانی هاوکێشە ئەمنییەکان لە کیشوەری ئەوروپا، وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا و ناتۆ دەستیان کردووە بە گرتنەبەری بەپەلەترین ڕێکارە سەربازی و مەدەنییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگێکی فراوان لەگەڵ ڕووسیادا.

بەپێی پلانە نوێیەکان، داوا لە خێزانە ئەوروپییەکان دەکرێت ئامادەکاریی تەواو بکەن تاوەکو لە ئەگەری تێکچوونی لەناکاوی دۆخەکە و پچڕانی خزمەتگوزارییەکان، بتوانن لانیکەم بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێر بەبێ یارمەتیی دەرەکی خۆڕاگری بکەن.  

ئەم ئامادەکارییانە زۆر لە دابینکردنی خۆراک و ئاوی ماڵان تێپەڕیون؛ لە فینلەندا زیاتر لە دوو هەزار کەس بەشدارییان لە گەورەترین مانۆڕی بەرگریی مەدەنی کردووە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانەوە، کە لەناو پەناگەی هەڵکۆڵراوی ناو بەرد و شاخەکاندا ئەنجامدرا بە مەبەستی ڕاهێنان لەسەر سیناریۆکانی پچڕانی ئاو و کارەبا، هێرشی ئەلیکترۆنی و هەڕەشەی مووشەکی.

لە هەمان کاتدا لە ئەڵمانیا پلان بۆ خەرجکردنی ملیۆنان یۆرۆ دانراوە بۆ بەهێزکردنی بەرگریی مەدەنی و گۆڕینی گەراجەکانی ژێرزەمین، تونێلەکان و وێستگەکانی میترۆ بۆ پەناگەی پارێزراوی کاتی لە کاتی هێرشەکاندا.  

هاوکات نەخۆشخانەکانی سەرانسەری ئەوروپا لە ئامادەباشیدان بۆ کۆگاکردنی دەرمان، پێداویستیی پزیشکی و کەرەستەی خوێن، بە ئامانجی پێشوازیکردن لە ژمارەیەکی یەکجار زۆری برینداران لە ئەگەری هەر بۆردومانێکدا.

هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) جەخت لەسەر توانای وڵاتان دەکاتەوە لە پاراستنی ئاو، خۆراک، وزە و تۆڕەکانی پەیوەندی لە کاتی قەیرانە گەورەکاندا.

بەرپرسانی سەربازی دووپاتی دەکەنەوە کە بەردەوامیی جەنگی ئۆکرانیا، پەرەسەندنی هێرشی درۆن و هێرشە ئەلیکترۆنییەکان بۆ سەر ژێرخانە هەستیارەکان، ئەوروپای خستووەتە بەردەم واقیعێکی نوێ کە تەنیا گەڕانەوە نییە بۆ سەردەمی جەنگی سارد، بەڵکو خۆئامادەکردنە بۆ ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی ڕاستەوخۆ و وێرانکەر.




Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP