دواین هەواڵ

جیهان‌

 59 خولەک پێش ئێستا

قالیباف: ئەگەر نەوتی ئێران نەفرۆشرێت، ڕێگە نادەین نەوتی هیچ وڵاتێکی ناوچەکە بفرۆشرێت

هەرێم نیوز

محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەڕەشەی پەکخستنی هەناردەی نەوت و بەئامانجگرتنی ژێرخانی ئابووریی وڵاتانی ناوچەکە دەکات، و جەخت لەوە دەکاتەوە ئەگەر تاران نەتوانێت نەوتەکەی بفرۆشێت، ئەوا ڕێگە بە فرۆشتنی نەوتی هیچ وڵاتێکی دیکەش نادات.

ئەمڕۆ سێشەممە، 29ـی 9ـی 2026، ، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران (مەجلیسی شوورا)، لە لێدوانێکدا کە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی (ئێرنا) بڵاویکردووەتەوە، هۆشدارییەکی توندی داوەتە وڵاتانی ناوچەکە و ئەمریکا. قالیباف ڕایگەیاندووە: "لەو ناوچەیەی کە ئێمە نەوتی تێدا نافرۆشین، هیچ کەسێکی دیکەش نەوت نافرۆشێت، و ئەگەر ئاسایشی ئێمە دابین نەکرێت، ئەوا هیچ ژێرخانێک لە ناوچەکەدا پارێزراو نابێت."

ئەم لێدوانانە وەک کاردانەوەیەک دێن بەرامبەر بەو فشارە توندانەی ئەمریکا کە لە کەرتی وزەدا خستوویەتییە سەر تاران.

لە درێژەی قسەکانیدا لەناو پەرلەمان، قالیباف ئاماژەی بەوە کرد کە بەرپرسانی ئەمریکا دەبێت بزانن سیاسەتی هەڕەشە و تۆقاندن وا لە ئێران ناکات هەڵوێستەکانی بگۆڕێت، و بەڵێنی دا کە وەڵامی وڵاتەکەی بۆ هەر جووڵەیەکی سەربازی "قورس، خێرا و پەشیمانکەرەوە" دەبێت.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) بڵاویکردووەتەوە کە بەهۆی گەمارۆی دەریاییی ئەمریکاوە لە مانگی تەممووزی ڕابردووەوە، توانای ئێران بۆ هەناردەکردنی نەوت لە گەرووی هورمزەوە بە شێوەیەکی بەرچاو پاشەکشەی کردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەناردەی وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نزیکبووەتەوە لە ١٣ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا و بۆ گواستنەوەشیان ناچارن پەنا بۆ ڕێڕەوی جێگرەوەی تێچووخەرج و مەترسیدار ببەن. 

سەرەڕای ئەم هەڕەشە توندانە، قالیباف ستایشی هەڵوێستەکانی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێرانی کرد لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و جەختی کردەوە کە ئێران لە ژێر فشاردا سازش ناکات. 

بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئەم پێشهاتانە هاوکاتن لەگەڵ هەبوونی پەیوەندیی ناڕاستەوخۆ لە نێوان واشنتن و تاران لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە هەڵکشانی زیاتری گرژییەکان و کردنەوەی گەرووی هورمز، بەڵام هێشتا ناکۆکی لەسەر مەرجەکانی ڕێککەوتن ماوە. بەهۆی ئەم ئاڵۆزییانەشەوە، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بۆ دووەم دانیشتنی لەسەریەک بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP