دواین هەواڵ

جیهان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

مارکۆ ڕۆبیۆ؛ ئێران ئەتۆمی هەبێت بۆ باج وەرگرتن لە جیهان بەکاری دەهێنێت

هەرێم نیوز

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی فاکس نیوز ڕایگەیاند، ئێران لەلایەن ڕێبەرانی ئایینیی توندڕەوەوە بە دیدگایەکی ئاخیرزەمانییەوە بەڕێوە دەبرێت، جەختیش دەکاتەوە، نابێت کەسانێک بەم جۆرە بیرکردنەوەیەوە هەرگیز دەستیان بە چەکی ئەتۆمی بگات.

مەترسییەکانی دەستگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆم
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت: "ئەگەر ئێران دەستی بگات بە چەکی ئەتۆم، ئەوا بۆ باج وەرگرتن لە جیهان و کوشتنی خەڵک بەکاری دەهێنێت"؛ هەروەها ئەم ڕەوشەی بە مەترسییەکی قبووڵنەکراو ناو برد.

سزاکانی ئیدارەی ترەمپ و دۆخی ئابووریی ئێران
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ توندکردنەوەی هەڵمەتی سزاکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، ئابووریی ئێران بە خێرایی بەرەو کارەساتێکی گەورە هەنگاو دەنێت.

خەرجکردنی سامانی گشتی بۆ گرووپە چەکدارەکان
وەزیرەکەی ئەمریکا بانگەشەی ئەوە دەکات بە بڕیاری دەسەڵاتدارانی تاران، بەشێکی زۆری سامانی وڵاتەکە لەبری دروستکردنی نەخۆشخانە، ڕێگاوبان و باشکردنی ژیانی هاووڵاتییان، بۆ پشتگیریی دارایی حزبوڵا، میلیشیاکانی عێراق، پشتیوانیکردنی تیرۆر، دروستکردنی چەک و پیلانی تیرۆرکردن لە جیهاندا خەرج دەکرێت.

کەمکردنەوەی داهاتی نەوت و بەرەنگاربوونەوەی بەرنامەی ئەتۆمی
هەروەها باسی لەوەش کردووە، سەپاندنی سزای زیاتر و سنووردارکردنی داهاتی نەوتی ئێران توانای دارایی دەسەڵاتی ئێرانی بۆ ئەو چالاکییانە کەم دەکاتەوە و جەختیشی کردەوە، بە ڕووبەڕووبوونەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران، سەرۆکی ئەمریکا کێشەیەکی زۆر گەورەی لە کۆڵ جیهان کردووەتەوە.





Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP