دواین هەواڵ

عێراق‌

 37 خولەک پێش ئێستا

دابەزاندنی پشکی هەرێم بۆ ١٢.٦٨٪ مافی هاووڵاتییان دەخاتە مەترسییەوە

هەرێم نیوز


ڕاپۆرتێکی شیکاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، دابەزاندنی ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم لە سەرژمێریی گشتیی عێراقدا لە ١٤.١٤٪ـەوە بۆ ١٢.٦٨٪، مەترسییەکی ڕاستەقینەی ئابووری لەسەر بەشەبودجە، بەشەخۆراک، دەرمان و پرۆژە خزمەتگوزارییەکان دروست دەکات، هاوکات حکوومەتی فیدراڵ وەڵامی ٢٨ نووسراوی فەرمیی لەو بارەیەوە نەداوەتەوە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 28ـی 9ـی 2026، بەپێی داتاکانی ڕاپۆرتەکە، کەمکردنەوەی پشکی دانیشتووانی هەرێم بە شێوەیەکی تاکلایەنە لەلایەن بەغداوە ئەنجام دراوە، ئەمەش ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر کەمکردنەوەی توانای دارایی حکوومەت بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتایییەکان و دەرفەتەکانی دامەزراندن بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بودجەی فیدراڵدا.
 
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە زیاتر لە ٥٠٠ هەزار کەس لە دانیشتووانی ناوچە هاوبەش و کێشەلەسەرەکان (لەوانە: شێخان، زیلکان، فایدە، قەراج، گوێڕ و دیبەگە لە سنووری مەخموور) لە سەرژمێرییەکەدا فەرامۆش کراون؛ سەرەڕای ئەوەی حکوومەتی هەرێم ئەرکی بەڕێوەبردن و دابینکردنی خزمەتگوزاریی ئەو ناوچانە و سەدان هەزار ئاوارەی گرتووەتە ئەستۆ، بەڵام بەغدا دانیشتووانەکەی بۆ خۆی ئەژمار کردووە، کە ئەمەش پێشێلکارییەکی ئاشکرای دەستوورییە بەرامبەر بە مافی دانیشتووانی ڕەسەنی ئەو دەڤەرانە.
 
هەر بەپێی بەڵگەنامەکان، لایەنی کوردی پێنج سەردانی مەیدانی ئەنجام داوە و ٢٨ نووسراوی فەرمیی ئاراستەی ناوەند کردووە بۆ پێدانی داتای خاو و چارەسەری گرفتە تەکنیکییەکان و وردبینیکردن بەپێی سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧، بەڵام لایەنی فیدراڵ بە بیانووی جیاواز پرۆسەکەی دواخستووە، هاوکات تا ئێستاش بڕی ١٣.٨ ملیار دینار کە وەک بودجەی خەرجییەکانی سەرژمێری بۆ هەرێم تەرخان کرابوو، لەلایەن بەغداوە ڕەوانە نەکراوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP