هەرێم نیوز
سێ بەرپرسی عێراقی لە بەغدا بۆ ڕۆژنامەی (العربي الجدید)یان ئاشکرا کردووە، لێکۆڵینەوە ئەمنییەکانی تایبەت بە هێرشەکەی سەر هێڵی بۆڕیی نەوتی "ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوا"ی سعودیە، کە لە دەی ئەم مانگەدا لە پارێزگای میسان لە باشووری عێراقەوە ئاراستە کرابوو لە کۆتایی نزیک بووەتەوە.
ئاماژەیان بەوەش کردووە، گرووپێکی پەیوەندیدار بە سوپای پاسدارانی ئێران و حوسییەکانی یەمەن لە پشت هێرشەکەوە بوون.
بەرزکردنەوەی ڕاپۆرتی کۆتایی بۆ سەرۆک وەزیران
بەرپرسەکان ڕوونیان کردووەتەوە، ڕاپۆرتی کۆتایی تایبەت بە ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکە لە ماوەیەکی نزیکدا بەرز دەکرێتەوە بۆ سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی، دوای تەواوکردنی ژمارەیەک ڕێکاری تەکنیکی و ئەمنی.
ڕۆژنامەکە دەڵێت، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا قسەی لەگەڵ سێ بەرپرسی عێراقی لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کردووە و دووپاتیان کردووەتەوە لێکۆڵینەوەکان لە هێرشەکە تەواو بوون و گەیشتوونەتە ئەنجامی گرنگ.
وردەکاریی شوێنی هەڵدان و بەکارهێنانی ١٥ درۆن
یەکێک لە بەرپرسەکان، کە فەرماندەیەکی باڵایە لە سوپای عێراق، ڕایگەیاندووە، لێکۆڵینەوەکان گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی هێرشەکە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) لە ناوچەی سنووری "ئەلتەیب" لە پارێزگای میسانەوە ئەنجام دراوە و زیاتر لە ١٥ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو لە یەک کاتدا لە جێبەجێکردنی هێرشەکەدا بەکارهێنراون.
بەپێی وتەی بەرپرسە عێراقییەکە، تیمەکانی لێکۆڵینەوە توانیویانە زانیاری و بەڵگەی مەیدانی و هەواڵگری لەبارەی شوێنەکانی هەڵدان و جووڵەی ئەو کەسانەی بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کردووە کۆبکەنەوە، جگە لە ئاڕاستەی جووڵەی ئەو ئامێرانەی لە جێبەجێکردنی هێرشەکەدا بەکارهێنراون.
چۆنیەتیی هاتنەژوورەوەی گرووپەکە و هاوکاریی ناوخۆیی
بەرپرسێکی ئەمنی دیکەش ئەم زانیارییانەی دووپات کردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە ئەو کەسانەی بەشدارییان لە جێبەجێکردنی هێرشەکەدا کردووە، چەند ڕۆژێک پێش جێبەجێکردنی لە ئێرانەوە بە شێوەیەکی نایاسایی هاتووونەتە ناو خاکی عێراق و ڕوویان لە ناوچەی سنووری "ئەلتەیب" کردووە، لەوێ فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان ئامادە کراون و پرۆسەی هەڵدانیان بەرەو خاکی سعودیە ئەنجام دراوە و دوای جێبەجێکردنی هێرشەکە، هەمان ئەو کەسانە گەڕاونەتەوە بۆ خاکی ئێران.
ئاماژەی بەوەش کردووە، پرۆسەی هاتنەژوورەوە بۆ عێراق و چوونەدەرەوە لێی لە دەرەوەی دەروازە سنوورییە فەرمییەکان و بە شێوەیەکی نایاسایی بووە، بە هەماهەنگی لەگەڵ شانەگەلێک لە ناو عێراق کە هاوکارییان پێشکەش کردوون.
ڕوونیشی کردووەتەوە، لێکۆڵینەوەکان دووپاتیان کردووەتەوە ئەو لایەنەی لە ناو عێراقەوە پەیوەندی پێوە کراون پەیوەندیدارە بە گرووپێکی چەکدار، بە هەماهەنگی بووە لەگەڵ گرووپی حوسییەکانی یەمەن.
بەرپرسێکی دیکەش دووپاتی کردووەتەوە، لیژنەی لێکۆڵینەوە گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی ئەو گرووپەی هاوکاری و ئاسانکارییان بۆ هاتووانی ئێران کردووە بۆ جێبەجێکردنی هێرشەکە، گرووپێکی چەکداری ناسراون، بەڵام فەرماندەیی گرووپەکە پێشوەختە ئاگاداری هێرشەکە نەبووە و بەشداریی لە پلاندانان یان جێبەجێکردنیدا نەکردووە.