هەرێم نیوز
شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی بێگەرد تاڵەبانی لە بەغدایە بۆ تاوتوێکردنی شایستە داراییەکانی جووتیاران و دیاریکردنی پشکی هەرێم لەو ٥٠٠ ملیار دینارەی بڕیارە مانگانە خەرج بکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ـی ئەیلوولی 2026، شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە پێکهاتووە لە وەزیر و ژمارەیەک بەڕێوەبەری گشتی، سەردانی بەغدای کرد.
بڕیارە شاندەکە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بمێنێتەوە و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی فەرمی لەگەڵ وەزیرانی کشتوکاڵ، سەرچاوە ئاوییەکان و ژینگەی حکوومەتی فیدراڵ ئەنجام بدات.
بەپێی خشتەی کارنامەی سەردانەکە، کۆبوونەوەکان لە کاتژمێر 10:00ـی بەیانیی ئەمڕۆوە بە دیدار لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەستیان پێکردووە و دواتر لە کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆ لەگەڵ وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان کۆبوونەتەوە، بڕیاریشە لە قۆناغی داهاتوودا لەگەڵ وەزارەتی ژینگە کۆببنەوە.
ئامانجی سەرەکیی ئەم سەردانە، یەکلاکردنەوەی کێشەی شایستە داراییەکانی گەنمی جووتیارانە.
لە کۆبوونەوەکاندا گفتوگۆ دەکرێت لەسەر دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لەو 500 ملیار دینارەی کە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری داوە مانگانە بۆ جووتیارانی سەرانسەری عێراق تەرخان بکرێت.
ئەم تەرخانکردنە داراییە بە مەبەستی دابینکردنی پارەی گەنمی جووتیارانە بۆ هەردوو ساڵی 2025 و 2026، کە بڕیارە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر جووتیارانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا دابەش بکرێت.
جێی باسە، دواکەوتنی پارەی گەنم گرفتێکی گەورەی بۆ جووتیاران دروست کردووە و تا ئێستاش بەشێکی زۆریان شایستەکانی ساڵی 2025ـیان وەرنەگرتووە.