دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

ئاسایشی هەرێم ئەمیرێکی داعش و 22 چەکداری دیکەی لە خورماڵ و دەوروبەری دەستگیر کرد

هەرێم نیوز

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش ڕایگەیاند، لە ماوەی 96 کاتژمێری ڕابردوودا 22 ئەندامی داعش، لە نێویاندا ئەمیرێک، لە خورماڵ و دەوروبەری دەستگیر کراون و پیلانێکی تیرۆریستییان پووچەڵ کردووەتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ـی ئەیلوولی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش ئاشکرای کرد، کاتژمێر 23:20 خولەکی شەوی ڕابردوو، دوای ڕووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداری لەگەڵ هێزەکانی ئاسایش، ئەمیرێکی گرووپی داعش لە خورماڵ دەستگیر کرا.

بەپێی زانیارییەکان، ئەم دەستگیرکردنە بەشێک بووە لە زنجیرەیەک ئۆپراسیۆن کە لە ماوەی 96 کاتژمێری ڕابردوودا بە فەرمانی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم و بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، بە هاوکاریی ئاسایشی سلێمانی و هەڵەبجە و بەپێی ماددەی 2ـی تیرۆر بەڕێوە چوون.

لەم ئۆپراسیۆنانەدا دوو مەفرەزەی چەکداری و ژمارەیەک ئەندامی نهێنیی ئەو گرووپە دەستگیر کران، کە کۆی گشتییان گەیشتووەتە 22 کەس و سەرجەمیان کوردن.

لە میانی هەڵمەتەکاندا، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر بڕێکی زۆری چەکی قورس، مامناوەند و بچووکدا گرتووە، لەگەڵ ژمارەیەک بۆمبی دەستی، دووربینی سەربازی و تەقەمەنییەکی زۆر. زانیارییە هەواڵگرییەکان دەریانخستووە کە ئەم گرووپە پیلانیان دانابوو لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولدا چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی ئەنجام بدەن.

دەزگای ئاسایشی هەرێم جەختی لەوە کردووەتەوە کە سەرجەم دەستگیرکراوەکان لەژێر لێکۆڵینەوەدان و ئۆپراسیۆنەکەش بەبێ هیچ زیانێکی گیانی بۆ هێزە ئەمنییەکان کۆتایی هاتووە. بڕیاریشە بەمزوانە سەرجەم دانپێدانان و بەڵگەکان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکرێن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP