هەرێم نیوز
هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، هێرشەکانی سەر شانشینی سعودیە سەرکۆنە دەکات و جەخت لە کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەتدا دەکاتەوە.
ڕەتکردنەوەی بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر دراوسێکان
هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: "ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکەین کە سعودیەی کردە ئامانج. بەکارهێنانی خاک و ئاسمانی عێراق بۆ هەڕەشەکردن لە ئاسایشی سعودیە یان هەر وڵاتێکی دراوسێ کارێکی ڕەتکراوەیە و ناگونجێت لەگەڵ سیاست و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی عێراق و پەیوەندییەکانی لەگەڵ دراوسێکانی."
کۆکردنەوەی چەک و پاڵپشتیکردنی ڕێکارەکانی حکوومەت
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جەختی لەسەر پابەندبوون بە بنەمای کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەت و دامەزراوە دەستوورییەکان کردەوە، لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندا.
هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد: "پشتیوانیی خۆمان بۆ ئەو ڕێکارانە ڕادەگەیەنین کە حکوومەتی عێراق گرتوویەتییەبەر، لەپێش هەمووشیانەوە لێکۆڵینەوەی خێرا بۆ ئاشکراکردنی ئەوانەی لەم دەستدرێژییانەدا تێوەگلاون، لەگەڵ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی دژ بە هەموو ئەوانەی تێوەگلانیان دەسەلمێت؛ هەروەها هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵی دۆخەکە و پاراستنی پەیوەندیی لەگەڵ سعودیە بەرز دەنرخێنین."