دواین هەواڵ

جیهان‌

 50 خولەک پێش ئێستا

ڕووداوێکی سەیر لە فڕۆکەکەی دۆناڵد ترەمپدا گەشتەکەی بۆ داڵاس دواخست

هەرێم نیوز

سەرچاوەیەکی ئاگادار هۆکاری سەرەکیی دواکەوتنی گەشتەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای بۆ شاری داڵاس لە ویلایەتی تێکساس ئاشکرا کرد، کە بەهۆی کردنەوەی خلیسکێنەی فریاگوزاریی فڕۆکەکەیەوە بووە بە هەڵە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2026، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، هۆکاری دواکەوتنی گەشتەکەی سەرۆکی ئەمریکا کرانەوەی خلیسکێنەی فریاگوزاری بووە کە بۆ کاتی مەترسی و چۆڵکردنی خێرا لە فڕۆکەی سەرۆکایەتیدا دانراوە.

سەرچاوەکە ئاشکرای کردووە کە یەکێک لە یاریدەدەرە سەربازییەکانی سەرۆک بە هەڵە خلیسکێنەکەی کارپێکردووە و کردوویەتیەوە.

 ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر ترەمپ پێش سەرکەوتنی بۆ ناو فڕۆکەکە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندبوو، ڕووداوەکە تەنیا تاقیکردنەوەیەک بووە و وتبووی: "دەیانەوێت دڵنیا ببنەوە کە هەموو شتێک بە شێوەیەکی نایاب کار دەکات."

ڕۆژنامەنووسانی کۆشکی سپی پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە ترەمپ کاتژمێر 14:01ـی پاشنیوەڕۆ بە کاتی ناوخۆ بە کۆپتەر گەیشتووەتە بنکەی سەربازیی "ئەندروز" لە نزیک واشنتن.

 بڕیار بوو ڕاستەوخۆ بچێتە ناو فڕۆکەکەی و بەرەو داڵاس بەڕێ بکەوێت، بەڵام بۆ ماوەیەکی زۆر لەناو کۆپتەرەکەدا مایەوە.

لەو ماوەیەدا، ڕۆژنامەنووسان تێبینیی ئەوەیان کرد کە خلیسکێنەی فریاگوزاری لە بەشی پێشەوەی فڕۆکە نوێیەکەی سەرۆکایەتیدا کراوەتەوە و فووی تێکراوە. 

جێی باسە، ئەو فڕۆکە نوێیەی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دیاریی خێزانی دەسەڵاتداری قەتەرە بۆ سەرۆکی ئەو وڵاتە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP