هەرێم نیوز
لە کاتێکدا گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێران بەردەوامە، ئیسرائیل و ئەمریکا تاوتوێی سەپاندنی گەمارۆیەکی وشکانیی بەرفراوان بۆ سەر تاران دەکەن؛ هاوکات پێنتاگۆن پلانێک بۆ هەڵمەتێکی ئاسمانی چڕوپڕ ئامادە دەکات.
گەمارۆی وشکانی و ڕێگری لە ئاڵۆگۆڕی بازرگانی
ئەمڕۆ هەینی ٣١ی تەممووزی ٢٠٢٦، سەرچاوە باڵاکانی ئیسرائیل ئاشکرایان کرد، ئەمریکا و ئیسرائیل بیر لە سەپاندنی گەمارۆیەکی وشکانی بەسەر ئێراندا دەکەنەوە، دوای ئەوەی واشنتن هەموو بژاردە بەردەستەکانی لە ستراتیژی سەربازیی ئێستای بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز تەواو کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "دەیلی تێلیگراف"ی بریتانی، گەمارۆدانی وشکانی یەکێکە لە بژاردە سەرەکییەکان بۆ زیاتردانی فشاری ئابووری لەسەر تاران. بەڵام ئەم پلانە پێویستی بەوە دەبێت کە واشنتن و تل ئەڤیڤ فشار بخەنە سەر وڵاتانی دراوسێی ئێران بۆ داخستنی دەروازە سنوورییەکان یان سنووردارکردنی تێپەڕین، تاوەکو ئاڵوگۆڕی بازرگانی بە تەواوی پەکبخرێت.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، پاکستان و عێراق دەکرێت ببنە "خاڵی لاواز"ی ئەم پلانە؛ هاوکات وڵاتانی دیکەی وەک ئازەربایجان، ئەرمینیا، ئەفغانستان، تورکمانستان و تورکیا، لە ئەگەری ڕازیبوونیان بە بڕیارەکە، ڕووبەڕووی مەترسیی وەڵامدانەوەی سەربازیی ئێران دەبنەوە.
پلانی سێنتکۆم بۆ هەڵمەتی ئاسمانی و دوودڵییەکانی ترەمپ
لە لایەکی دیکەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بیر لە فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی ئێران دەکاتەوە. براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، پلانێکی ئامادە کردووە بۆ دەستپێکردنی هەڵمەتێکی ئاسمانی بەرفراوان کە نێوان ١٠ بۆ ١٤ ڕۆژ دەخایەنێت، بە مەبەستی بەئامانجگرتنی ناوەندەکانی فەرماندەیی، دامەزراوە مووشەکییەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سوپای پاسداران.
فەرماندەی سێنتکۆم پێی وایە هێرشە سنووردارەکانی پێشوو نەبوونەتە هۆی وەستاندنی هەڕەشەکانی ئێران لەسەر کەشتیوانی لە گەرووی هورمز. بەڵام دۆناڵد ترەمپ هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە و لە نێوان درێژەدان بە هەڵمەتە ئاسمانییەکە یان وەڵامدانەوەیەکی سەربازیی سنوورداردا دوودڵە، تاوەکو دەرگا بۆ هەوڵە دیپلۆماسییەکان ئاوەڵا بێت.
پاشخانی ئاڵۆزییەکان
خولی نوێی گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران لە ٨ی تەممووزی ڕابردووەوە دەستی پێکردەوە، کاتێک هێزەکانی ئەمریکا لە وەڵامی بەئامانجگرتنی کەشتییەکی بازرگانی لە گەرووی هورمز، هێرشی ئاسمانییان کردە سەر خاکی ئێران و ترەمپ کۆتاییهاتنی ئاگربەستی ڕاگەیاند. لە ٢٩ی تەممووزیشدا، سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە بەنیازن درێژە بە هێرشەکانیان بدەن.
لەم نێوەندەدا، پاکستان وەک نێوەندگیر ڕایگەیاندووە کە دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لە ئارادان.