هەرێم نیوز
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێرشی توند دەکاتە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران و جەخت لەسەر بەردەوامیی لێدانە سەربازییەکان بۆ سەر تاران دەکاتەوە؛ هاوکات نیگەرانیی خۆی لە شێوازی دانوستانەکانیان دەربڕی.
لێدانی سەربازی و لاوازکردنی تواناکانی ئێران
ئەمڕۆ هەینی ٣١ی تەممووزی ٢٠٢٦، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا ڕایگەیاند، واشنتن زۆر بە توندی لە ئێرانییەکان دەدات، تاوەکو دەگەنە قۆناغێک کە بڵێن چیتر ناتوانن بەرگەی هێرشەکان بگرن.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجیان بەدەستهێنانی سەرکەوتنە و بەرامبەر ئێرانییەکان زۆر بە باشی کارەکان ئەنجام دەدەن. ترەمپ گوتیشی: "ئێرانییەکان هێزی دەریایی، هێزی ئاسمانی و سیستەمی بەرگریی دژە فڕۆکەیان نەماوە، تەنیا هەندێک توانای سنوورداریان هەیە و ئێمەش بەردەوام کار بۆ لاوازکردنی تەواوەتیی ئەو توانایانە دەکەین."
دانوستانەکان و بێباوەڕی بە تاران
سەرۆکی ئەمریکا بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند کە باوەڕی بە ئێرانییەکان نەماوە چونکە ڕاستییەکان دەشێوێنن. هەروەها سەبارەت بە بەڕێوەچوونی پرۆسەی دیپلۆماسی ئاشکرای کرد، هەریەک لە ستیڤ ویتکۆف، جێرد کۆشنەر، جەی دی ڤانس و مارکۆ ڕوبیۆ بەشداری لە دانوستانەکانی تایبەت بە ئێراندا دەکەن.
سەرەڕای هێرشە سەربازییەکان، ترەمپ ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتنی لەگەڵ تاران بە کراوەیی هێشتەوە، بەڵام هاوکات نیگەرانیی خۆی لە شێوازی بەرێوەچوونی گفتوگۆکان دەربڕی و گوتی: "شێوازی دانوستانی ئێرانییەکان تووڕەم دەکات؛ هەشت بۆ حەوت کاتژمێر بەسەر دەبەن بۆ شتێک کە دەتوانن لە ماوەی ١٠ خولەکدا کێشەکەی لەسەر بڕێننەوە."