دواین هەواڵ

جیهان‌

 11 کاتژمێر پێش ئێستا

هێرشێکی چەکداری لە ناوڕاستی ئیسرائیل کوژراو و برینداری لێ دەکەوێتەوە و نەتانیاهۆ کۆبوونەوەی ئەمنی دەکات

هەرێم نیوز

میدیاکانی ئیسرائیل لە زاری بەرپرسانی فریاکەوتنەوە بڵاویانکردەوە، بەهۆی هێرشێکی چەکدارییەوە لە ناوەڕاستی ئیسرائیل، کەسێک کوژراوە و پێنج کەسی دیکەش بریندار بوون، هاوکات سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتەش ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی ئەمنی دەکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 7ـی حوزەیرانی 2026، پۆلیسی ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، هێزەکانیان لە شوێنی ڕووداوەکە تەقەیان لە یەکێک لە هێرشبەرەکان کردووە و کوشتوویانە، هاوکات هێرشبەری دووەم کە سەرەتا توانیبووی هەڵبێت، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە.

دەسەڵاتی پەخشی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، هێرشەکە سەرەتا لە دەروازەی نیشتەجێبوونی "کۆکاف یایر" دەستی پێکردووە، پێش ئەوەی هێرشبەرەکان بچنە دەروازەکانی شارۆچکەکانی هاوسێی وەک "تزور یتژاک" و "تزور ناتان"؛ ئاماژەی بەوەش کردووە، تیمە پزیشکییەکان پێنج برینداریان گواستووەتەوە بۆ نەخۆشخانە کە باری تەندروستیی دووانیان لە ژێر مەترسیدایە و سێ کەسەکەی دیکەش برینەکانیان مامناوەندە.

لای خۆیەوە، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، بنیامین نەتانیاهۆ لە ئێستادا سەرکردایەتیی هەڵسەنگاندنێکی ئەمنی دەکات بۆ بەدواداچوونی پێشهاتەکانی ئەو هێرشە چەکدارییە کە نووسینگەکەی بە "کوژندە" وەسفی کردووە، و نەتانیاهۆ بە شێوەیەکی بەردەوام چاودێریی دۆخی مەیدانی دەکات.

هەر لەسەر ئەم پرسە، بێزالیل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئەو هێرشە ترسناکەی بەیانی ئەمڕۆ لە دڵی ناوچەی "شارۆن" ڕوویدا، بانگەوازێکی خوێناوییە بۆ ئەو گۆڕانکارییە قووڵەی کە دەبێت لە نێو عەرەبەکانی ناوخۆی ئیسرائیلدا ڕووبدات.

ئەم هێرشە چەکدارییە لە کاتێکدا تۆمار دەکرێت، کە ناوچەکە لە ماوەی ڕابردوودا بە قۆناغێکی قورسی گرژیی سەربازیدا تێپەڕی پاش ئەوەی لە ٢٨ـی شوباتی ئەمساڵەوە ئیسرائیل و ئێران چوونە ناو ڕووبەڕووبوونەوەیەک کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتەوە، و سەرڕای ڕاگرتنی شەڕ و ڕاگەیاندنی ئاگربرست پاش ٤٠ ڕۆژ، بەڵام هێشتا ناوچەکە چەندین ڕووداوی ئەمنی بەخۆیەوە دەبینێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP