دواین هەواڵ

جیهان‌

 15 کاتژمێر پێش ئێستا

سزایەکی نوێ بۆ تاران ئەمریکا بە پارە بلۆککراوەکانی ئێران، زیانی هێرشەکانی سەر کوێت و بەحرەین قەرەبوو دەکاتەوە!

هەرێم نیوز

ئیدارەی ئەمریکا لە هەنگاوێکی بێپێشینەدا پلان دادەنێت بۆ بەکارهێنانی سەروەت و سامانە بلۆککراوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە مەبەستی قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانە دارایی و ژێرخانییانەی کە بەهۆی هێرشەکانی ئەمدواییەی تارانەوە بەر وڵاتانی کوێت و بەحرەین کەوتوون.

سپاردنی ئەرک بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا
ئەمڕۆ یەکشەممە (٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز" لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار و باڵاوە بڵاویکردەوە: "سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، تیمێکی تایبەتی لە شارەزایانی دارایی ڕاسپاردووە بۆ هەڵسەنگاندنی قەبارە و تێچووی ئەو زیانانەی کە ئێران لە ڕێگەی شەپۆلی هێرشە نوێیەکانییەوە گەیاندوویەتیە هاوپەیمانەکانی واشنتن لە ناوچەی کەنداو."

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆیتەرز، واشنتن دەیەوێت سەرجەم سامانە بلۆککراوەکانی ئێران ئاڕاستەی وڵاتانی کەنداو بکات، نەک تەنها بۆ چاککردنەوەی زیانەکانی ئێستا، بەڵکو بیر لەوەش دەکاتەوە وەک ستراتیژێک بۆ قەرەبووکردنەوەی هەر زیانێکی تری داهاتوو بەکاریان بهێنێت.

چەقبەستنی دانوستانەکانی ئاشتی

ئەم بڕیارە توندەی ئەمریکا تەنها ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە موحسین ڕەزایی، ڕاوێژکاری ڕابەری باڵای ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی "سی ئێن ئێن" ڕایگەیاندبوو: "کۆتاییهێنان بەم شەڕە سێ مانگییە و واژۆکردنی هەر ڕێککەوتنێکی ئاشتی، بەستراوەتەوە بە مەرجی ئازادکردنی ٢٤ ملیار دۆلار لە سەروەت و سامانە بلۆککراوەکانی ئێران لە لایەن ئەمریکاوە."

پێدەچێت بەهۆی ئەم مەرجە توندانەی تاران و گرتنەبەری ڕێکاری نوێ لەلایەن واشنتنەوە، دانوستانەکانی ئاشتی لە ناوچەکەدا تووشی جۆرێک لە چەقبەستوویی بووبێتن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەوڵە دیپلۆماسییە هەرێمییەکان بەردەوامن؛ وەک نێوەندگیرییەکەی دوێنێ شەممەی وەزیری ناوخۆی پاکستان کە بە نامەیەکی گرنگ و بەپەلەوە گەیشتە تاران، کە دەوترێت ڕاستەوخۆ ئاڕاستەی عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران کراوە بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP