دواین هەواڵ

کوردستان‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

شاندێکی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی تاوتوێکردنی پرسی داهاتی ناوخۆ و سیستمی گومرگی سەردانی بەغدا دەکات

هەرێم نیوز

بڕیارە سبەی شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی تاوتوێکردنی چەند پرسێکی دارایی، گومرگی و ڕێکخستنی دۆسیەی داهاتی ناوخۆ، سەردانی شاری بەغدا بکات و لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵ کۆببێتەوە.

سبەی یەکشەممە، 7ـی حوزەیرانی 2026، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگاتە بەغدا، بەپێی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، تەوەری سەرەکیی سەردانی ئەم شاندە، تایبەت دەبێت بە تاوتوێکردنی پرسی داهاتی ناوخۆیی و گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش لە نێوان هەولێر و بەغدا، هاوژین لەگەڵ گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی سیستمی نێودەوڵەتیی "ئەسیکۆدا" بۆ بەدیجیتاڵکردن و یەکخستنی سیستمی گومرگی و باج لە تەواوی دەروازە سنوورییەکاندا.

ئەم سەردانە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی نێوان هەردوو حکومەتدا دێت بۆ چارەسەرکردنی کۆسپەکانی بەردەم دۆسیە داراییەکان. 

ئەمەش لە کاتێکدایە کە چوارشەممەی ڕابردوو، 3ـی حوزەیرانی 2026، شاندێکی باڵای هەرێم بە سەرۆکایەتیی کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، هاوشانی نوێنەری کۆمپانیا بیانییەکانی کەرتی نەوت سەردانی بەغدایان کردبوو.

شاندەکەی پێشوو لەگەڵ عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆبوونەوەیەکی گرنگیان لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت ئەنجامدا. 

لەو کۆبوونەوەیەدا، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاندبوو کە زەیدی لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپاردووە تاوەکو سەرجەم پێداویستییە ئەمنی و لۆجیستییەکان بۆ دەستەبەرکردنی کاری کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان دابین بکەن، و بڕیاری دا کە تەواوی کۆمپانیا بیانییەکان لە سبەینێی ئەو بەروارەوە دەست بە چالاکییەکانیان بکەنەوە، کە ئەمەش وەک ژینگەیەکی لەبار بۆ سەرکەوتنی گفتوگۆ داراییەکانی سبەی یەکشەممە سەیر دەکرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP