هەرێم نیوز
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هەژماری من کۆبووەوە، و ڕایگەیاند، کێشەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە و گرفتی خانەنشینانی پەککەوتە چارەسەر دەکرێن، هاوكات قۆناغەکانی گواستنەوەی پڕۆژەکە بۆ سەر وەزارەتی دارایی دەستی پێکردووە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 2ـی 6ـی 2026، میدیاکان بڵاویانکردەوە، کە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هەژماری من لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەسەر دواین هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەی هەژماری من کرا، و جەخت لەسەر خێراترکردنی پڕۆسەی تۆمارکردنی سەرجەم مووچەخۆران لە نزیکترین کاتدا کرایەوە.
باس لەوەش کراوە،، کە هەنگاوەکانی گواستنەوەی پڕۆژەکە بۆ سەر وەزارەتی دارایی لە ئێستادا بە چەند قۆناغێک دەستی پێکردووە، و بڕیارە لە چەند مانگی داهاتوودا بە تەواوی پڕۆژەکە ڕادەستی وەزارەتی دارایی بکرێت.
هاوكات، لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا بە داتا و زانیاری دواین هەنگاوەکانی پڕۆژەی هەژماری من بەم شێوەیە خرایەڕوو:
تۆمارکردنی گشتی: تاوەکوو ئێستا ١،١٦٨،٠٠٠ فەرمانبەر و مووچەخۆر لە پڕۆژەکەدا تۆمار کراون.
کارتە بانکییەکان: زیاتر لە ٨٣٠،٠٠٠ کارتی بانکی دابەش کراوە.
مووچەی مانگی ئایار: بۆ مووچەی مانگی ئایار، ٨٠٠،٠٠٠ کەس لە ڕێگەی ٦٣٥ ئامێری ڕاکێشانی پارە (ATM)ـەوە مووچەیان وەرگرتووە.
خانەنشینان و سوودمەندان: لە کۆی ٤٧٤،٠٠٠ خانەنشین، کەسوکاری شەهیدان و سوودمەندانی چاودێریی کۆمەڵایەتی، تاوەکوو ئێستا ٤١٨،٠٠٠ کەسیان تۆمار کراون، و ٢٢٠،٠٠٠ مووچەخۆریشیان کارتەکانیان وەرگرتووەتەوە.
تیمی سەرپەرشتیار ئاماژەی بەوەش کردووە،، کە لە ئێستادا پڕۆسەی تۆمارکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لەسەر داهات، پەرەپێدان و میلاکات دەستی پێکردووە، و تەنیا نزیکەی ٥٠ هەزار مووچەخۆر ماون کە خۆیان تۆمار بکەن، کە بەشی زۆریان میراتگری خانەنشینانن و بەشێکیشیان دانیشتووی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری دارایی تیمەکە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد، کە هەموو هەوڵ و توانای خۆیان لەگەڵ بانکەکاندا بخەنەگەڕ بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گرفتانەی لە ماوەی ڕابردوو دروست بوون؛ بەتایبەت کێشەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە و ئەو گرفتانەی پەیوەستن بە خانەنشینان لە کاتی وەرگرتنەوەی کارتی بانکەکانیاندا.
هاوكات، جەخت کرایەوە لەسەر دۆزینەوەی میکانیزمێکی نوێ بۆ تۆمارکردنی ئەو خانەنشینانەی کە نەخۆش و پەککەوتەن و ناتوانن بە شێوازی مەیدانی سەردانی بانکەکان بکەن.