دواین هەواڵ

جیهان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوەیەکی نوێی چەکی دەریایی بۆ پاراستنی کێبڵە جیهانییەکانی وزە و داتا ڕادەگەیەنێت.

هەرێم نیوز

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەریتانیا و ئوسترالیا لە هەنگاوێکی ستراتیژیی نوێدا، ڕێککەوتن لەسەر پەرەپێدانی نەوەیەکی پێشکەوتوو لە کەشتی و ژێردەریایی بێسەرنشین بە مەبەستی پاراستنی هێڵەکانی گواستنەوەی وزە و داتا لە جیهاندا.

ئەمڕۆ دووشەممە، 1ـی 6ـی 2026، وەزیرانی بەرگریی ئەو سێ وڵاتە لە کۆبوونەوەیەکدا لە سەنگاپوورە، بڕیارەکەیان لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی بەرگریی "ئۆکۆس" ڕاگەیاند، کە بڕیارە پرۆسەی ڕادەستکردنی ئەم سیستەمە پێشکەوتووانە لە ساڵی داهاتووەوە دەستپێبکات. 

ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە ڕۆژاوا نیگەرانیی قووڵی خۆی لە ئەگەری ئەنجامدانی کاری تێکدەرانە لە لایەن ڕووسیا و چینەوە بەرامبەر بە ژێرخانی ژێر دەریا نیشانداوە، هاوکا لەگەڵ ترسی بەکارهێنانی تۆڕەکانی داتا لە ئاوە قووڵەکانی کەنداوی فارسدا لە لایەن ئێرانەوە.

ریچارد مارڵز، وەزیری بەرگریی ئوسترالیا، ڕایگەیاند کە بنکەی دەریاکان بووەتە مەیدانی جەنگ و داوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی توندی کردووە دژی ئەوەی بە "کەشتیگەلی سێبەر" دەناسرێت.

 هاوکات، سەرەڕای ڕەخنەکانی دۆناڵد ترەمپ لە هاوپەیمانە ئەوروپییەکان بەهۆی کەمیی خەرجییە بەرگرییەکانیان، بەڵام واشنتن بەردەوامە لە هاوکارییە تەکنەلۆژییە سەربازییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی. 

بیت هیگسێس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم هۆکارە بێسەرنشینانە دەبنە پاڵپشتێکی بەهێز بۆ پاراستنی باڵادەستیی دەریایی، لە کاتێکدا جۆن هیلی، وەزیری بەرگریی بەریتانیا، جەختی لەوە کردووەتەوە کە پڕۆژەکە توانای پەرچەکرداریان بەرامبەر بە هەڕەشەکان بەرز دەکاتەوە.

گرنگیی ئەم بابەتە لەوەدایە کە نزیکەی 570 کێبڵی دەریایی، لەگەڵ 80 کێبڵی دیکە کە پلانی بۆ دانراوە، نێوان 95% بۆ 99%ـی قەبارەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەگوازنەوە.

 تێکچوونی ئەم تۆڕە کاریگەریی گەورەی لەسەر ناوەندەکانی داتای ژیریی دەستکرد لە سعوودیە و ئیمارات دەبێت، پێشتیش پڕۆژەی گەورەی وەک (2Africa Pearls)ـی کۆمپانیای میتا بەهۆی گرژییەکانی کەنداوەوە پەکیکەوتبوو.

پاشخانی ئەم بڕیارە سێقۆڵییە بۆ توندبوونەوەی شەڕی سارد و سیخوڕیی دەریایی دەگەڕێتەوە؛ لە کاتێکدا میدیا فەرمییەکانی ئێران دەڵێن کێبڵەکانی ژێر گەرووی هورمز کە 6 کێبڵی سەرەکین زۆر ناسکن و داوای باجی سەروەری دەکەن، بەریتانیا چاودێریی سێ ژێردەریایی ڕووسیی کردووە لە باکووری ئەتڵەسی کە خەریکی سیخوڕی بوون، ئەمەش وایکردووە هێزی دەریایی بەریتانیا بیر لە پێکهێنانی هێزێکی تێکەڵاو لە دۆنە دەریاییەکان بکاتەوە بۆ پاراستنی شادەماری شارستانیەتی مۆدێرن لە هێرشە بێوێنەکان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP