دواین هەواڵ

جیهان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

تەقینەوەیەک لە کەشتییەکی بازرگانی لە نزیک بەندەری ئوم قەسر ڕوویدا.

هەرێم نیوز

دەستەی بازرگانیی دەریایی بەریتانی، ڕایگەیاند کە کەشتییەکی بازرگانی لە ئاوەکانی کەنداودا و لە دووریی ٤٠ میل لە بەندەری ئوم قەسری باشووری عێراق بە هۆکارێکی نادیار تەقیوەتەوە، هاوکات سەرچاوەیەکی عێراقیش دەڵێت ڕووداوەکە تەکنیکی بووە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 1ـی 6ـی 2026، دەستەی بازرگانیی دەریایی بەریتانی لە ڕاگەیەندراوێکدا، بڵاویکردەوە، کە لە کاتی تێپەڕبوونی بە کەنداودا، کەشتییەکی بازرگانی لە دیوی ڕاستییەوە تەقیوەتەوە. 

دەستەکە، ئاماژەی بەوەش کردووە، کە تاوەکو ئێستا هۆکاری سەرەکیی تەقینەوەکە بە نادیاری ماوەتەوە و لایەنە پەیوەندیدارە نێودەوڵەتییەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوەی ورد کردووە.

هاوکات، ئاژانسی هەواڵی "فرانس پرێس" لە زاری سەرچاوەیەکی بەرپرسەوە لە کۆمپانیای گشتیی بەندەرەکانی عێراق بڵاویکردەوە، کە تەقینەوەکە لەناو خودی کەشتییەکەدا بووە و بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی ناوخۆییەوە ڕوویداوە، نەک هێرشی دەرەکی.

 بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، هێزە دەریاییەکانی عێراق گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە بۆ هاوکاریکردنی تیمی کەشتییەکە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP