دواین هەواڵ

جیهان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

مەشقێکی هاوبەشی قورس؛ هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا هێلیکۆپتەرێکی مارینز دەگوازنەوە.

هەرێم نیوز

هێزە ئاسمانییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە چوارچێوەی مەشقێکی هاوبەش و قورسدا لە ویلایەتی جۆرجیا، ئۆپەراسیۆنی بەستنەوە و گواستنەوەی هێلیکۆپتەرێکی جۆری "سوپەر ستالیۆن"ـی سەر بە هێزی مارینزیان بە سەرکەوتوویی ئەنجامدا.

ئەمڕۆ سێشەممە، 2ـی حوزەیرانی 2026، فەرماندەیی هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا ڕاپۆرتێکی وێنەیی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە، سەربازانی هێزی ئاسمانی لە شاری ساڤانا لە ویلایەتی جۆرجیا، سەرقاڵی بەستنەوە و ئامادەکردنی هێلیکۆپتەرێکی زەبەلاحی جۆری (CH-53E Super Stallion) بوون بۆ پڕۆسەی گواستنەوەی هەڵواسراو لە ڕێگەی ئاسمانەوە (Sling Load Operations). ڕاگەیەندراوە سەربازییەکە لەژێر دروشمی "هێزی قورس، توانای هاوبەش" بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە: "ئێمە خۆمان دەگونجێنین و ئەرکەکانمان دەگەیەنین."

ئەم مەشقە بە یەکێک لە مەشقە هەرە ئاڵۆزەکانی گواستنەوەی لۆجیستی دادەنرێت، کە تێیدا هێزە جیاوازەکانی سوپای ئەمریکا (هێزی ئاسمانی و هێزی مارینز) پێکەوە کار دەکەن بۆ گواستنەوەی کەرەستە سەربازییە زۆر قورسەکان لە کاتی شەڕ یان دۆخی فریاگوزاریدا.

پاشخانی ئەم چالاکییە سەربازییە نیشانیدەدات کە سوپای ئەمریکا لەم قۆناغەدا جەخت لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی هەماهەنگیی خێرا لە نێوان هێزە جیاوازەکانیدا دەکاتەوە، تاوەکو لە کاتی ڕوودانی هەر گرژییەکی کتوپڕ لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا، بتوانن لە کەمترین ماوەدا قورسترین چەک و کەرەستەی سەربازی لە ڕێگەی ئاسمانەوە بگوازنەوە بۆ بەرەکانی پێشەوەی شەڕ.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP