هەرێم نیوز
تیمە ئاسمانی و دەریاییەکانی پاسەوانی کەناراوەکانی ئەمریکا، بە هاوکاریی هاووڵاتییەکی خێرخواز (Good Samaritan)، توانییان سێ سەرنشینی بەلەمێکی پەککەوتوو لە کەناراوەکانی لۆیزا لە پۆرتۆ ڕیکۆ لە مەترسیی خنکان ڕزگار بکەن.
دوێنێ یەکشەممە، کاتژمێر 7:00ـی ئێوارە، چاودێرانی پاسەوانی کەناراوەکان لە کەرتی سان خوان، پەیوەندییەکیان لە ڕێگەی هێڵی فریاگوزاریی 911ـەوە پێگەیشت.
پەیوەندییەکە لە لایەن گەشتیارێکەوە بوو کە ڕاپۆرتی دەدا باوکی بەبێ هێلەکی ڕزگاری (Life jacket) بازیداوەتە ناو ئاوەکەوە بە مەبەستی چاککردنی بزوێنەری دەرەکیی بەلەمەکەیان، بەڵام بەهۆی بەرزیی شەپۆلەکان و ڕەوتی توندی دەریاوە، دەستبەجێ ڕافێش کراوە و لێیان دوور کەوتووەتەوە.
شۆفێرەکە ئاماژەی بەوەش کردبوو کە خۆی و کەسێکی دیکە لەناو بەلەمە پەککەوتووەکەدا ماونەتەوە.
دەستبەجێ هێزەکان فەرمانیاندا بە ڕەوانەکردنی هێلیکۆپتەرێکی جۆری (MH-60T Jayhawk) لە بنکەی ئاسمانیی بۆرینکوێن لە ئەگوادیلا، هاوکا لەگەڵ بەلەمێکی تایبەتی یاساڕێژیی یەکەی سان خوان بە درێژایی 33 پێ.
هەروەها هێزە هاوبەشەکانی پۆلیسی پۆرتۆ ڕیکۆ و نووسینگەی بەڕێوەبردنی فریاگوزاریی لۆیزا ئاگادار کرانەوە و پەخشێکی بەپەلی زانیاریی دەریایی کرا بۆ ئاگادارکردنەوەی کەشتییەکانی ناوچەکە.
پاش ماوەیەکی کەم، تیمی فڕۆکەوانیی پاسەوانی کەناراوەکان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و توانییان لەناو تاریکیی شەودا پیاوەکە لەناو ئاوەکەدا بدۆزنەوە، پاشان ئاڕاستەی بەلەمی فریاگوزارییەکەیان بەرەو شوێنی پیاوەکە گۆڕی و توانییان بە سەلامەتی بیهێننە سەر بەلەمەکە.
لە کۆتایی ئۆپەراسیۆنەکەدا، دەریاوانێکی خێرخواز بە بەلەمەکەیەوە گەیشتە شوێنەکە و بەلەمە پەککەوتووەکەی ڕاکێشا.
تیمی پاسەوانی کەناراوەکانیش سەرنشینە ڕزگارکراوەکە و بەلەمەکەی دیکەیان تاوەکو بەندەری ئارامی "پینیۆنێس" لە پۆرتۆ ڕیکۆ یاوەری کرد، و ڕاگەیەندرا کە هیچ برینداری و دۆخێکی نائاسایی پزیشکی تۆمار نەکراوە.
دینیس هێرناندێز لابیۆسا، بەرپرسی بەلەمی ڕزگاریی سان خوان، ڕایگەیاند:
"ئەم کەیسە باشترین نموونەی هاوکاریی نێوان پاسەوانی کەناراوەکان و هاووڵاتیانی پیشاندایەوە کە بووە هۆی ڕزگارکردنی ژیانی سێ کەس.
بەهۆی ڕاهێنان و کاری تیمی لەژێر پەستاندا، توانیمان لە تاریکیی شەودا پیاوەکە بدۆزینەوە و بیگەڕێنینەوە لای خێزانەکەی."