هەرێم نیوز
ئاژانسی هەواڵی (تەسنیم)ـی فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، سەرچاوە دەریاییەکان و پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان لەگەڵ دەریاوانانی ئێرانی ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە ئابڵۆقە و گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و ناوچەکە هێشتا بەردەوامە و کۆتایی نەهاتووە.
ئەمڕۆ شەممە، ٣٠ـی ٥ـی ٢٠٢٦، ئاژانسەکە ئاشکرای کردووە کە دەریاوانە ئێرانییەکان لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا، ڕووبەڕووی هەڕەشەی توندی کەشتییە جەنگییەکانی سوپای ئەمریکا بوونەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا هۆشدارییان داوەتە دەریاوانانی ئێرانی کە ئەگەر پابەندی ڕێساکانی گەمارۆکە نەبن، ئەوا ڕاستەوخۆ تەقەیان لێ دەکەن.
ئەمەش لەکاتێکدایە، بەیانی ئەمڕۆ، موحسین ڕەزایی، بەرپرسی باڵای ئێرانی لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، هێرشێکی توندی کردە سەر سەرۆکی ئەمریکا و ڕایگەیاند کە واشنتۆن هیچ نیازێکی ڕاستگۆیانەی بۆ گفتوگۆ نییە.
ڕەزایی نووسیویەتی: "وەک چۆن پێشبینی دەکرا، سەرۆکی ئەمریکا بۆ جاری سێیەم لە حاڵەتی خیانەتکردندایە لە دیپلۆماسی، ئەو بە بەردەوامبوونی لەسەر گەمارۆی دەریایی و زیادەڕۆیی لە دانوستانەکاندا، زیاتر لە جاران سەلماندی کە ئەهلی گفتوگۆ و دانوستان نییە."
پێشتر و بە دیاریکراوی رۆژی هەینی، ٢٩ـی ٥ـی ٢٠٢٦، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاندبوو، کە مەرجی سەرەکی لادانی گەمارۆ دەریاییە بێپێشینەکەی ئەمریکا لەسەر گەرووەکە و ڕێگەدان بە گەڕانەوەی کەشتییە گیڕخواردووەکان، بەستراوەتەوە بە دەستبەجێ کردنەوەی گەرووی هورمز بۆ هاتوچۆی بێبەربەستی کەشتیوانی لە هەردوو ئاڕاستەوە بەبێ وەرگرتنی هیچ باج و سەرانەیەک.