دواین هەواڵ

جیهان‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزیری جەنگ: توانای تەواومان هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕ دژ بە ئێران

هەرێم نیوز

پیت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، ڕایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی خاوەنی کۆگای پێویستی چەک و تەقەمەنییە و توانای تەواوی هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژ بە ئێران، ئەگەر پێویست بکات.

ئەمڕۆ شەممە، 30ـی 5ـی 2026، پیت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، لە میانی بەشدارییکردنی لە کۆڕبەندی ئاسایشی "دیالۆگی شانگریلا" لە سینگاپوور، بڵاویکردەوە، کۆگاکانی چەک و تەقەمەنیی ئەمریکا لە ناوخۆ و ناوچەکانی دیکەی جیهاندا لە دۆخێکی گونجاو دان، و هاوسەنگییەکی باش لە نێوان دابینکردنی تەقەمەنییە پێشکەوتووەکان و چەکە باوەکاندا هەیە، ئەمەش وا دەکات واشنتن توانای تەواوی بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕ لەگەڵ تاراندا هەبێت؛ ئەم لێدوانەش لە کاتێکدایە کە دانوستانکارانی هەردوولا خەریکی چارەسەرکردنی ڕێگرییە سەرەکییەکانی بەردەم گەیشتن بە ڕێککەوتنن.

وەزیری بەرگری ئاماژەی بەوەش کردووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەم دۆسیەیەدا دانبەخۆداگرە و دەیەوێت بگاتە ڕێککەوتنێکی گەورە تاوەکو گەرەنتیی ئەوە بکات کە ئێران نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ترەمپ ڕۆژی هەینی ڕایگەیاندبوو، کۆبوونەوەیەک لە ژووری قەیرانەکانی کۆشکی سپی ئەنجام دەدات بۆ دەرکردنی بڕیاری کۆتایی لەسەر پێشنیازی درێژکردنەوەی ئاگربەستی مانگی نیسانی ڕابردوو بۆ 60 ڕۆژی دیکە، بە مەبەستی پێدانی دەرفەتی زیاتر بە دانوستانەکان.

لەلایەکی دیکەوە، هێگسێت تیشکی خستە سەر پرسی پەرەسەندنی هێزی سەربازیی چین و ڕایگەیاند، دڵگرانیی جددی لەسەر پەرەپێدانی خێرای توانای سەربازیی بەیجینگ هەیە، و داوای لە هاوپەیمانە ئاسیاییەکانی ئەمریکا کرد کە خەرجیی بەرگریی خۆیان بۆ 3.5٪ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی زیاد بکەن، هاوکات ئاشکرای کرد کە ئەمریکا خۆی بڕی 1.5 تریلیۆن دۆلار لە سوپاکەیدا وەبەرهێنان دەکات.

جەختیشی کردەوە کە سەردەمی دابینکردنی دارایی بەرگریی وڵاتە دەوڵەمەندەکان لە لایەن ئەمریکاوە کۆتایی هاتووە و پێویستە هەمووان بەشدار بن لە پاراستنی ئاسایشدا.

سەبارەت بە پاشخانی ئەم گرژییانەش، ئەو شەڕەی کە لە 28ـی شوباتی ڕابردوودا لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دەستی پێکرد، بووەتە هۆی کوژرانی هەزاران کەس کە زۆربەیان لە ئێران و لوبنان بوون، هاوکات بەهۆی داخرانی گەرووی هورمز لە لایەن ئێرانەوە، قەیرانێکی ئابوریی جیهانی بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکانی وزەوە دروست بووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP