هەرێم نیوز
میدیا نێودەوڵەتییەکان ئاشکرای دەکەن، کە پڕۆژەی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا لە عێراق ڕووبەڕووی بەربەست بووەتەوە، و گرووپە چەکدارەکان پێشنیازیان کردووە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2027 دوا بخرێت.
شەممە، 30ـی 5ـی 2026، ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان پشتبەست بە زانیارییەکانی کەناڵی "مۆنت کارلۆ" بڵاویاکردەوە، زانیارییە بەدەستهاتووەکان لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگیی هێزە سیاسییەکانی شیعە لە عێراق ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، گرووپە چەکدارە عێراقییەکان پێشنیازێکیان ئاراستەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق کردووە، بۆ دواخستنی پڕۆژەی قۆرخکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا تاوەکو کۆتایی ساڵی 2027.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، کەتائیبی سەیدولشوهەدا یەکێکە لەو گرووپانەی کە دژی ڕادەستکردنی چەکەکانیانن، و هۆکاری داواکارییەکەیان بۆ دواخستنی پڕۆژەکە بۆ بەردەوامیی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا، ناجێگیریی پێوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، و هێشتنەوەی عێراق لە ژێر کاریگەریی هێزەکانی ئەمریکادا گەڕاندووەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، هاوپەیمانیی نەسر، ڕایگەیاند، شکستخواردنی دانوستانەکانی تایبەت بە چەک داماڵینی گرووپە چەکدارەکان پێوەستە بە ڤیتۆی ئێرانەوە؛ ئاماژەی بەوەش کردووە، کێشەی هەندێک لایەن لە ئێران ئەوەیە کە وا تێدەگەن ئەگەر چەکی گرووپە عێراقییەکان نەمێنێت، ئەوا سیستمی سیاسیی ئێران دەکەوێتە مەترسییەوە.
هاوکات هادی عامری، سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر، پێشنیازی پێکهێنانی لیژنەیەکی پێنجقۆڵی کردووە کە لە دەزگای هەواڵگری، وەزارەتی بەرگری، ڕاوێژکاریی ئاسایشی نیشتمانی، حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارەکان پێکبێت، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ ئەم پرسە.
لە بەرامبەردا، هاوپەیمانیی ئوسامە نوجێفی، ڕایگەیاند، تاوەکو سوپای پاسدارانی ئێران بوونی هەبێت، چەک داماڵینی گرووپە چەکدارەکان لە عێراقدا کارێکی مەحاڵە.