هەرێم نیوز
موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە پەیامێکدا بەبۆنەی ساڵیادی کردنەوەی یەکەم خولی پەرلەمان و دەستپێکی سێیەمین ساڵی کارکردنی خولی دوازدەیەم، هۆشدارییەکی توند دەداتە پەرلەمانتاران لەبارەی پیلانی دوژمنان بۆ دروستکردنی دووبەرەکی و جەخت لە خێراکردنی هەنگاوەکان دەکاتەوە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە ئابوورییەکان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28ـی 5ـی 2026، لە پەیامەکەیدا کە هاوکاتە لەگەڵ پیرۆزبایی جەژنی قوربان، ڕێبەری ئێران ئاماژەی بە تێپەڕبوونی سێ مانگ بەسەر چەمکی "سێیەمین بەرگریی پیرۆز" کردووە و ستایشی خۆڕاگریی گەلی ئێرانی کردووە.
لەم چوارچێوەیەشدا داوای لە پەرلەمانتاران و محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی وڵات کردووە، کە بە پاراستنی سەربەخۆیی دەسەڵاتی یاسادانان، هەماهەنگیی تەواویان لەگەڵ حکومەت و دەسەڵاتی دادوەریدا هەبێت بۆ زاڵبوون بەسەر سەرجەم قەیرانەکاندا.
موجتەبا خامنەیی ئەرکە سەرەکییەکانی قۆناغی داهاتووی دیاریکرد و داوای کرد کار لەسەر چەسپاندنی دروشمی "ئابووریی خۆڕاگری لە سێبەری یەکڕیزیی نیشتمانیدا" بۆ ئەمساڵ بکرێت.
هەروەها جەختی لە کەمکردنەوەی ڕێژەی هەڵئاوسان، ڕێکخستنەوەی بازاڕ، بووژاندنەوەی کەرتی بەرهەمهێنان و تەرخانکردنی سەرجەم هەوڵەکان بۆ قەرەبووکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی وێرانکارییەکانی هەردوو "جەنگی سەپێنراوی دووەم و سێیەم" کردووەتەوە، تاوەکو هیوایەکی ڕاستەقینە بۆ ئاییندەی وڵات بگەڕێتەوە.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەید موجتەبا خامنەیی داوای لە سەرجەم بەرپرسان و پەرلەمانتاران کردووە ڕێنماییەکانی ڕێبەری پێشوو (عەلی خامنەیی) بکەنە بنەمای سەرەکی بۆ کارەکانیان و هۆشداریی توندی داوە لە پیلانی نوێی وڵاتانی دوژمن کە دوای شکستی سەربازی و گەمارۆی ئابووری، ئێستا هاتوونەتە سەر هێڵ بۆ تێکدانی یەکڕیزی و دروستکردنی دووبەرەکیی کۆمەڵایەتی لە ناوخۆی ئێراندا.