هەرێم نیوز
ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی ئاشکرای کرد، پێش دەستپێکردنی جەنگ لەگەڵ ئێران، ئیسرائیل بە ئاگاداریی ئەمریکا بنکەیەکی سەربازیی نهێنی لە بیابانەکانی عێراق دروست کردووە و لە کاتی هێرشکردنە سەر هێزە عێراقییەکانیشدا، نزیک بووە لەوەی ئاشکرا ببێت.
ئەمڕۆ شەممە، 9ـی 5ـی 2026، ڕۆژنامەی 'وۆڵ ستریت جۆرناڵ'ـی ئەمریکی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار و بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، ئیسرائیل پێگەیەکی جەنگیی نهێنی لە بیابانی عێراق بۆ شەڕی ئێران دروست کردبوو، کە تایبەت بووە بە هێزە تایبەتەکان و تیمەکانی گەڕان و ڕزگارکردن.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو بنکە سەربازییە نهێنییە بە مەبەستی پشتیوانیکردنی هەڵمەتە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل دژی ئێران بونیاد نراوە، و بەتەواوی وەک ناوەندێکی لۆجستی بۆ هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل کاری کردووە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئەو دامەزراوەیە کە هێزی تایبەتیی ئیسرائیلی تێدا جێگیر کرابوو، پێش دەستپێکردنی جەنگ لەگەڵ ئێران و بە ئاگاداریی واشنتن دروست کراوە.
هەروەها سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە، لە کاتی ئەنجامدانی هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر هێزە عێراقییەکان لە سەرەتای جەنگەکەدا، ئەو بنکە نهێنییە هێندەی نەمابوو ئاشکرا ببێت.