دواین هەواڵ

جیهان‌

 9 کاتژمێر پێش ئێستا

لیندسی گراهام مەرجەکانی ئەمریکا بۆ هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران ئاشکرا دەکات

هەرێم نیوز

لیندسی گراهام، سیناتۆری کۆمارییەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران دەبێت مەرجی کۆتاییهێنان بە پاڵپشتییەکانی ئەو وڵاتە بۆ گروپە چەکدارەکان لەخۆ بگرێت، هاوکات پشتیوانیی خۆیشی بۆ پڕۆژەی 'ئازادی پڵەس' بە مەبەستی پاراستنی گەرووی هورمز دەربڕی.

ئەمڕۆ شەممە، 9ـی 5ـی 2026، لیندسی گراهام، ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا لە پارتی کۆماری، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، هەر ڕێککەوتنێکی دانوستانکاری لەگەڵ تاران، دەبێت مەرجی کۆتاییهێنان بە پاڵپشتییەکانی ئێران بۆ گروپە چەکدارەکانی وەک حزبوڵڵا لەخۆ بگرێت، کە ناوبراو وەک "سپۆنسەری فەرمیی تیرۆر" وەسفی کردووە.

گراهام جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە هەر ڕێککەوتنێک بڕگەی ڕوون و بێگرێوگۆڵی تێدا بێت، کە تیایدا ئاماژە بەوە بکرێت بەردەوامبوونی تاران لە پاڵپشتیکردنی بریکارەکانی، ڕووبەڕووی لێکەوتەی زۆر توندی دەکاتەوە.

 هەروەها دووپاتی کردەوە، بەبێ وەستاندنی ئەو پاڵپشتییانەی ئێران، سەقامگیری لە لوبنان و سووریا جێگیر نابێت و ئیسرائیلیش ئارامی بەخۆیەوە نابینێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەو سیناتۆرەی ئەمریکا دەستپێشخەریی 'ئازادی پڵەس'ـی بە پرۆژەیەکی "سەرنجڕاکێش" ناوبرد و ئاماژەی بە توانای پڕۆژەکە کرد بۆ گۆڕینی یاساکانی یارییەکە لە ڕێگەی دەستەبەرکردنی ئاسایشی ڕێڕەوەکانی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی لە گەرووی هورمز و ڕووبەڕووبوونەوەی جووڵەکانی ئێران.

لە کۆتاییدا گراهام پێشنیاری کرد، کە بەشی 'پڵەس' لە پڕۆژەکەدا بەشداریکردنی بنکەیەکی فراوانتر لە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان لەخۆ بگرێت، لەگەڵ پشتبەستن بە چالاکییەکی سەربازیی سنووردار بۆ دابینکردنی ئاسایشی هاتوچۆی دەریایی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP