هەرێم نیوز
بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا کوڕی سەرۆکی شاندی دانوستانکاری بزووتنەوەکە کوژراوە، ئەمەش لە کاتێکدایە سەرکردەکانی حەماس لە قاهیرە سەرقاڵی دانوستانن بۆ پاراستنی ئاگربەستی غەززە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ـی 5ـی 2026، ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری باسم نەعیم، بەرپرسی باڵای بزووتنەوەی حەماسەوە بڵاویکردەوە، عەزام حەییە، کوڕی خەلیل حەییە، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە کە شەوی چوارشەممە لە هێرشێکی ئیسرائیلدا پێی گەیشتبوو، گیانی لەدەست داوە. ئەمەش چوارەمین کوڕی ئەو سەرکردەیەی حەماسە کە لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا دەکوژرێت.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، خەلیل حەییە کە باوکی حەوت منداڵە، پێشتر لە چەندین هەوڵی کوشتن لەلایەن ئیسرائیلەوە ڕزگاری بووە، بەڵام سێ کوڕی دیکەی لە هێرشەکانی ساڵانی ٢٠٠٨ و ٢٠١٤ لە غەززە و هێرشێکی ساڵی ڕابردوودا لە دەوحەی پایتەختی قەتەر کوژراون.
سوپای ئیسرائیلیش تاوەکو ئێستا هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەم ڕووداوە نەداوە.
پێش ڕاگەیاندنی گیانلەدەستدانی کوڕەکەی، خەلیل حەییە لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی جەزیرە ڕایگەیاندبوو، ئیسرائیل دەیەوێت هەوڵی نێوەندگیرەکان بۆ پێشخستنی پلانی ئاشتیی دۆناڵد ترەمپ بۆ غەززە لەبار ببات.
هەروەها ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئەو هێرش و پێشێلکارییانە دەریدەخەن کە ئیسرائیل نایەوێت پابەندی ئاگربەست یان قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنەکە بێت.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان، کە سەرکردەکانی حەماس و لایەنە فەلەستینییەکانی دیکە لە قاهیرە لەگەڵ نێوەندگیرانی ناوچەکە و نیکۆلای ملادینۆڤ، نێردەی سەرەکیی 'دەستەی ئاشتی'، سەرقاڵی گفتوگۆن بۆ جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی پلانی دۆناڵد ترەمپ.
پلانەکە کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوودا ڕەزامەندیی لەسەر دراوە، کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە، دەستپێکردنەوەی ئاوەدانکردنەوە و چەکدانانی حەماس لەخۆ دەگرێت، بەڵام پرسی چەکدانانی حەماس بووەتە خاڵێکی ناکۆکیی سەرەکی.
بەرپرسێکی حەماس بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، بزووتنەوەکەیان بە ملادینۆڤی گوتووە تاوەکو ئیسرائیل پابەندییەکانی قۆناغی یەکەم جێبەجێ نەکات، کە وەستاندنی تەواوەتیی هێرشەکان لەخۆ دەگرێت، بەشداریی هیچ گفتوگۆیەکی جدی ناکەن بۆ قۆناغی دووەم.
بەپێی ئامارە پزیشکییە ناوخۆییەکان، لە کاتی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەستەکەوە، لانیکەم ٨٣٠ فەلەستینی کوژراون. لە بەرامبەریشدا، ئیسرائیل دەڵێت چەکدارە فەلەستینییەکان لەو ماوەیەدا چوار سەربازیان کوشتووە، و جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئامانج لە هێرشەکانیان ڕێگریکردنە لە هەوڵەکانی حەماس و چەکدارەکانی دیکە بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر هێزەکانیان.