هەرێم نیوز
سەرچاوەکانی تۆڕی "العربیە" ڕایدەگەیەنن، کە لە ئەنجامی ڕاوێژ و پەیوەندییە چڕەکانی نێوان واشنتن و تاران، لێکتێگەیشتنێک هاتووەتە ئاراوە بۆ کەمکردنەوەی گەمارۆکان لە بەرانبەر کردنەوەی پلەبەندیی گەرووی هورمزدا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ـی 5ـی 2026، کەناڵی العربیە بڵاویکردەوە، کە دوای زنجیرەیەک گفتوگۆی چڕ، هەردوو لایەنی ئەمریکی و ئێرانی گەیشتوونەتە تێگەیشتنێکی هاوبەش. بەپێی ئەم تێگەیشتنە، ئەمریکا فشار و گەمارۆ دەریاییەکانی سەر بەندەرەکانی ئێران کەمدەکاتەوە، لە بەرانبەریشدا تاران بە شێوەیەکی پلەبەندی ڕێگە بە هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمزدا دەدات.
سەرچاوەکان جەختیان کردووەتەوە، کە چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی چەند کاتژمێری داهاتوودا، گۆڕانکاریی جیدی و دڵخۆشکەر لە دۆخی ئەو کەشتییە جەنگی و بازرگانییانەدا ڕووبدات کە لەو ئاوڕێڕە نێودەوڵەتییەدا گیریان خواردبوو یان سەرگەردان بوون.
ئەم پێشوەچوونە لە کاتێکدایە، کە تەنیا دوێنێ ئاژانسی تەسنییم ڕایگەیاندبوو کە ئێران هێشتا وەڵامی فەرمی نەداوەتەوە و بڕگەی قبووڵنەکراو لە پێشنیازەکاندا هەیە، بەڵام وا دیارە نێوەندگیرییەکان (بەتایبەت نێوەندگیریی پاکستان) توانیویانە بەربەستەکان تێپەڕێنن و ڕێگە بۆ هێورکردنەوەی ناوچەکە خۆش بکەنە.