دواین هەواڵ

جیهان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

فەرەنسا کەشتیی فڕۆکەهەڵگری شارل دیگۆل ڕەوانەی دەریای سوور دەکات

هەرێم نیوز

فەرەنسا بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری 'شارل دیگۆل'ـی ڕەوانەی دەریای سوور کرد، ئەمەش وەک بەشێک لە پلانێکی ئەوروپی بە بەشداریی چەند وڵاتێک بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانەکانی ناوچەکە.

دوێنێ چوارشەممە، 6ـی 5ـی 2026، ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، لە کاتێکدا گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی گەرووی هورمز بەردەوامە و ئاگربەستە کاتییەکەش مەترسیی هەڵوەشاندنەوەی لەسەرە، فەرەنسا کەشتیی فڕۆکەهەڵگری 'شارل دیگۆل'ـی بۆ دەریای سوور ڕەوانە کرد.

بەرپرسانی فەرەنسا ئاماژەیان بەوە کردووە، بەردەوامیی داخرانی گەرووی هورمز و ڕێگریکردن لە کەشتییە نەوتهەڵگرەکان فشارێکی قورسی خستووەتە سەر ئابووریی جیهان. لەبەر ئەوەش، لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا پاریس و لەندەن سەرقاڵی داڕشتنی پلانێکی هاوبەشن بۆ دروستکردنی چوارچێوەیەک بە مەبەستی تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتییەکان، و تاوەکو ئێستاش نزیکەی ١٢ وڵات ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداریکردن لەو ئەرکەدا دەربڕیوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، بەپێی پلانەکە لە بەرامبەر دابینکردنی گەرەنتی بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکانی، ئێران دەست بە دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمریکا دەکات لەسەر بەرنامە ئەتۆمی، مووشەکی و پرسە ناوچەییەکان. لە بەرامبەریشدا، واشنتن گەمارۆ دەریاییەکان و فشارەکانی سەر گەرووی هورمز کەم دەکاتەوە، پاشان هێزێکی فرەنەتەوەیی ئەرکی پاراستنی کاروانە دەریاییەکان دەگرێتە ئەستۆ.

ئەو کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەی فەرەنسا کە لەلایەن چەند کەشتییەکی ئیتاڵیا و هۆڵەنداوە هاوەڵی دەکرێت، بڕیارە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی مەیدانیی ناوچەکە بکات و زەمینە بۆ هەماهەنگیی بەرگری لەنێوان وڵاتانی بەشداربوودا بڕەخسێنێت.

ئەوروپا کە پێشتر لە قەیرانەکەدا ڕۆڵێکی لاوەکیی هەبوو، ئێستا بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و مەترسییەکانی سەر هێڵەکانی کەشتیوانی، ناچار بووە بە شێوەیەکی چالاکتر بێتە ناو هاوکێشەکەوە.

ئاژانسەکە لە کۆتاییدا بڵاویکردەوە، سەرکەوتنی ئەم دەستپێشخەرییە پشت بە ڕەزامەندیی تاران و واشنتن دەبەستێت کە پرۆسەیەکی ئاسان نییە، چونکە کۆنتڕۆڵکردنی گەرووی هورمز یەکێکە لە کارتە بەهێزەکانی ئێران و پێناچێت بەبێ دەستکەوتی گەورە دەستبەرداری ببێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوروپا هەوڵ دەدات بیسەلمێنێت کە توانای پاراستنی ڕێڕەوەکانی وزەی هەیە و ڕێگری دەکات لەوەی قەیرانی ناوچەکە ببێتە شۆکێکی هەمیشەیی بۆ ئابووریی جیهان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP