هەرێم نیوز
عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق، هەوڵەکانی بۆ یەکلاکردنەوەی کابینەکەی چڕکردووەتەوە و دەیەوێت پێش جەژنی قوربان بچێتە پەرلەمان. بەپێی دوایین زانیارییەکان، پشکی کورد لە حکومەتی داهاتوودا دیاریکراوە و ململانێی لایەنەکان لەسەر دابەشکردنی وەزارەتەکان دەستیپێکردووە.
پشکی کورد لە حکومەتی زەیدی
لە کابینە نوێیەکەدا، کورد ٤ وەزارەت و پۆستی جێگری سەرۆک وەزیرانی بەردەکەوێت. بڕیارە عەلی زەیدی چوار جێگر بۆ کاروباری (ئەمنی، دارایی، خزمەتگوزاری و وزە) بۆ خۆی دابنێت، کە یەکێکیان پشکی کورد دەبێت.
نەخشەی دابەشکاری لە نێوان حزبە کوردییەکان
هەموو لایەنە کوردییەکان بڕیاری بەشداریکردنیان داوە و پۆستەکان بەم شێوەیە دابەش دەبن:
• پارتی دیموکراتی کوردستان: داوای پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران و دوو وەزارەتی سەرەکی (دەرەوە و ئاوەدانکردنەوە) دەکات.
• یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: چاوی لە دوو وەزارەتە، کە پێشبینی دەکرێت وەزارەتی (داد) بۆ خۆی بێت و وەزارەتی (ژینگە) بدات بە جووڵانەوەی نەوەی نوێ.
• ئۆپۆزسیۆن (هەڵوێست، یەکگرتوو، کۆمەڵ): ئەم سێ لایەنە کە پێکەوە خاوەنی ١٠ کورسین، هەوڵەکانیان یەکخستووە بۆ بەدەستهێنانی یەک وەزارەت لە حکومەتی نوێدا.
پۆستەکانی دیکەی کورد
جگە لە وەزارەتەکان، کورد پشکی لە پۆستە باڵاکانی دیکەی حکومەتی فیدراڵ دەبێت، لەوانە چەندین پۆستی ڕاوێژکار، بریکاری وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی کە بەپێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن بەسەر حزبە کوردییەکاندا دابەش دەکرێن.
عەلی زەیدی دەیەوێت بە ڕەزامەندیی هەموو پێکهاتەکان، کابینەیەکی هاوسەنگ پێکبهێنێت تاوەکو لە وادە دەستوورییەکاندا متمانەی پەرلەمان بەدەستبهێنێت.