هەرێم نیوز
نەبیل مەرسوومی، شارەزای ئابووریی عێراق، گەیشتنی بارێکی نوێی دۆلاری کاشی بۆ شاری بەغدا ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هەنگاوە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر بەهای دیناری عێراقی دەبێت و بەشێکە لە پاڵپشتییەکانی ئەمریکا بۆ قۆناغی داهاتووی عێراق.
وردەکاری ناردنی دۆلار لە نیویۆرکەوە
مەرسوومی لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، عێراق مانگانە نزیکەی یەک ملیار دۆلاری کاش لە ئەمریکاوە وەردەگرێت کە بەسەر دوو قیستدا دابەش دەکرێت. بە وتەی ئەو شارەزایە، دوێنێ هەینی بارێکی نوێی ئەو دۆلارە گەیشتووەتە بەغدا، ئەمەش دوای ئەوەی بۆ ماوەیەک بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە ناردنی ئەو پارەیە ڕاگیرابوو.
کاریگەری لەسەر بازاڕی دراو
نەبیل مەرسوومی پێشبینی دەکات بەهۆی گەیشتنی ئەم بڕە نقدینەیە، بەهای دیناری عێراقی لە ماوەی هەفتەی داهاتوودا بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی ڕوو لە بەرزبوونەوە بکات. خستنە ڕووی دۆلار لە بازاڕەکاندا دەبێتە هۆی سەقامگیریی دراو و پڕکردنەوەی ئەو خواستە زۆرەی لەم دواییانەدا لەسەر دراوی بیانی دروست ببوو.
پاشخانی ڕاگرتنی دۆلار
ئەمریکا ساڵانە بە بڕی ٤٠٠ بۆ ٥٠٠ ملیۆن دۆلار لە هەر قیستێکدا بۆ بەغدا دەگوازێتەوە، کە داهاتی فرۆشتنی نەوتی عێراقە و لە بانکە ئەمریکییەکان دەپارێزرێت. لە کۆتایی مانگی نیسانی ڕابردوو، واشنتن ناردنی دۆلاری بۆ بەغدا ڕاگرت؛ بەپێی ڕاپۆرتە میدیاییەکان، هۆکارەکەی بۆ پەرەسەندنی هێرشی میلیشیاکان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەگەڕایەوە، بەڵام ئێستا و لەگەڵ گۆڕانی کەشە سیاسییەکە، پرۆسەی ناردنی پارە دەستیپێکردووەتەوە.