هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە یەکەم چاوپێکەوتنیدا دوای هەوڵی تیرۆرکردنی لە واشنتن، ڕایگەیاند کە لە کاتی ڕووداوەکەدا هەستی بە ترس نەکردووە و هێرشبەرەکەشی بە "کەسێکی زۆر نەخۆش" وەسف کرد.
تۆمەتبارەکە ناوی (کۆڵ ئاڵن)ـە، تەمەنی ٣١ ساڵە و خەڵکی کالیفۆرنیایە. ئاڵن کە پێشتر مامۆستا بووە، هەوڵیداوە بە ڕاکردن لە خاڵێکی پشکنینی هۆتێلی (واشنتن هیڵتن) تێپەڕێت، کە تەنیا یەک نهۆم لە سەرووی ئەو هۆڵە بووە کە ترەمپ و بەرپرسانی باڵای تێدا بووە. ئەمە سێیەم هەوڵی تیرۆرکردنی ترەمپە لە ماوەی دوو ساڵدا.
لە بەرنامەی "60 خولەک"ی کەناڵی (CBS)، ترەمپ لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا ترساوە، وتی: "نیگەران نەبووم. لە ژیان تێدەگەم. ئێمە لە جیهانێکی شێتانەدا دەژین." ئاماژەی بەوەش کرد کە کاتێک پاسەوانەکان داوایان لێکردووە خۆی دابنەوێنێت، تێگەیشتووە کە کێشەیەکی گەورە هەیە.
سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە مانيفێستۆیەکی هێرشبەرەکەی خوێندووەتەوە و دەڵێت: "ئەو کەسێکی توندڕەو بووە و گۆڕانکاریی زۆری بەسەردا هاتووە. پێشتر خێزانەکەی و خوشک و براکانی لە ڕەفتارەکانی نیگەران بوون و سکاڵایان لێ کردووە." ترەمپ پێیوایە هێرشبەرەکە بە بارودۆخێکی دەروونیی زۆر سەختدا تێپەڕیوە.
ترەمپ ستایشی میلانیا ترەمپی هاوسەری کرد لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووداوەکەدا و وتی: "ئەو زۆر بەهێز و زیرەک بوو. هەرچەندە وەک من ڕانەهاتووە بەم دۆخانە، بەڵام زۆر باش تێگەیشت چی ڕوودەدات و گوێڕایەڵی ڕێنماییە ئەمنییەکان بوو."
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە ٢٧ی نیسانی ٢٠٢٦، کۆڵ ئاڵن لە واشنتن ببرێتە بەردەم دادوەر و یەکەم دانیشتنی دادگایی لەسەر تۆمەتی هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆکی ئەمریکا بۆ بەڕێوەبچێت.