دواین هەواڵ

عێراق‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

یەکەم کاروانی حاجیانی کەرکووک بەرەو سعوودیە بەڕێکەوتن

هەرێم نیوز

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٦ی نیسانی ٢٠٢٦، پرۆسەی بەڕێکردنی حاجیانی کەرکووک بۆ وڵاتی سعوودیە دەستیپێکرد، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، گۆڕانکاریی گەورە لە شێوازی گەشتەکاندا کراوە.

یەکەم کاروانی حاجیانی کەرکووک کە پێکهاتبوون لە ١٤٣ کەس (کەسوکاری شەهیدان)، بە شەش پاس و لە ڕێگەی وشکانییەوە بەرەو سعوودیە بەڕێکەوتن. ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای کەرکووک، ناوی هەزار و ٤٠٤ کەس بۆ فەریزەی حەج گەڕاوەتەوە.

بەهۆی هەڵکشانی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جەنگی نێوان (ئەمریکا و ئیسرائیل بەرانبەر بە ئێران)، گەشتە ئاسمانییەکانی ناوچەکە کەوتوونەتە دۆخێکی مەترسیدارەوە. هەر بۆیە بڕیار دراوە سەرجەم حاجیانی عێراق ئەمساڵ بە ڕێگەی وشکانی سەردانی سعوودیە بکەن.

وەزارەتی ناوخۆی سعوودیە هۆشداریی توند دەداتە ئەو کەسانەی بەبێ مۆڵەتی فەرمی یان بە ڤیزەی گەشتیاری دەچنە مەککە و مەدینە. سزای سەرپێچیکاران گەیشتووەتە ١٠٠ هەزار ڕیاڵی سعوودی (نزیکەی ٢٦ هەزار دۆلار)، جگە لە گەڕاندنەوەیان بۆ وڵاتەکانیان و قەدەغەکردنی گەشتکردنیان بۆ سعوودیە بۆ ماوەی ١٠ ساڵ.

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێم، ئامادەکاری بۆ پێنج هەزار و ١٢٠ حاجی تەواو بووە. بڕیارە یەکەم کاروانی حاجیانی هەرێم لە ڕۆژی چوارشەممە، ٦ی ئایاری ٢٠٢٦، لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بەرەو سعوودیە بەڕێ بکەون، کە ئەمە پێچەوانەی حاجیانی ناوچەکانی دیکەی عێراقە کە بە وشکانی دەڕۆن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP