دواین هەواڵ

جیهان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر: لەگەڵ سەرجەم لایەنەکانی نێو دانوستانەکانی پاکستان لە پەیوەندیداین

هەرێم نیوز

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ڕایدەگەیەنێت، کە بەوردی چاودێریی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە پاکستان دەکەن و لەگەڵ سەرجەم لایەنەکاندا لە پەیوەندیدان، هاوکات هۆشداریش دەدات کە بەردەوامیی داخستنی گەرووی هورمز قەیرانەکانی ناوچەکە ئاڵۆزتر دەکات.

ئەمڕۆ سێشەممە، 21ـی 4ـی 2026، ماجید ئەنساری، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کە وڵاتەکەی بەوردی چاودێریی دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد لە نێوان واشنتن و تاران دەکات. ئاماژەی بەوەش کرد: "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ لایەنی پاکستانی و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان بەردەوامن، ئەوەش بە ئامانجی پاراستنی ئاسایشی دەریاوانی لە گەرووی هورمز."

ئەنساری لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاشکرای کرد، کە سەرجەم وڵاتانی کەنداو ڕۆژانە پەیوەندییان بە لایەنەکانی نێو دانوستانەکانەوە هەیە، چونکە بە وتەی ئەو، قەیرانەکە هەموو ناوچەکەی گرتووەتەوە و هەر بۆیە پێویستە لە پەیوەندیی بەردەوامدا بن لەگەڵ سەرجەم لایەنەکاندا.

سەبارەت بە دەرەنجامەکانیش، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر جەختی لەوە کردەوە کە لایەنە بەشداربووەکانی نێو دانوستانەکان دەتوانن لەو بارەیەوە بڕیار بدەن، بەڵام دووپاتی کردەوە کە بەردەوامیی داخستنی گەرووی هورمز قەیرانەکان ئاڵۆزتر دەکات.

هیوایشی خواست کە ئەم هەوڵانە ببنە هۆی هێوربوونەوەی دۆخەکە، نەک تەنیا لە نێوان ئەمریکا و ئێران، بەڵکوو بۆ لوبنانیش.

سەرەڕای ئەوەی لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی ئێرانەوە، دەوحە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە کرایە ئامانج و چەندین جار هێرشی مووشەکی کرایە سەر دامەزراوەکانی وزەی ئەو وڵاتە، بەڵام لە ئێستادا قەتەر وەک نێوەندگیرێکی سەرەکی لە دوای پاکستانەوە دەردەکەوێت و هەوڵ دەدات ئاگربەستێکی یەکجارەکی لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران بێتە ئاراوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP