دواین هەواڵ

جیهان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

ترەمپ: ئیسرائیل پەلکێشی جەنگی ئێرانی نەکردووم و کاتی گۆڕینی ڕژێمە لە تاران

هەرێم نیوز

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، کە ئیسرائیل هۆکار نەبووە بۆ ئەوەی بڕیاری جەنگ لەگەڵ ئێران بدات، بەڵکوو پرسی چەکی ئەتۆمی و ڕووداوەکانی ٧ـی ئۆکتۆبەر هۆکاری سەرەکی بوون، هاوکات بە ئاشکرا باس لە گۆڕینی ڕژێمی ئێران و داهاتووی ئەو وڵاتە دەکات.

ئەمڕۆ دووشەممە، 20ـی 4ـی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پەیامێکی نوێی بڵاوکردەوە و تێیدا ڕایگەیاند، کە ئیسرائیل هەرگیز ئەوی پەلکێشی جەنگ نەکردووە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران. بەڵکوو ئەوەی وای لێ کردووە ئەو بڕیارە بدات، دەرەنجامەکانی ٧ـی ئۆکتۆبەر و ئەو بۆچوونە نەگۆڕەی بووە کە پێی وایە "نابێت ئێران هەرگیز ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."

سەرۆکی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا هێرشی توندی کردە سەر میدیاکان و ڕوونیکردەوە: "بە سەرسوڕمانێکی تەواوەوە سەیری شرۆڤەکاران و ڕاپرسییەکانی هەواڵە ساختەکان دەکەم و دەیانخوێنمەوە. ٩٠٪ـی ئەوەی دەیڵێن درۆ و چیرۆکی هەڵبەستراوە، ڕاپرسییەکانیش ساختەن، ڕێک هەروەک چۆن هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی ٢٠٢٠ ساختە بوو."

ترەمپ سەبارەت بە چارەنووسی جەنگەکە و داهاتووی ئێران، نموونەی بە ڤەنزوێلا هێناوەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، کە وەک چۆن ئەنجامەکانی ڤەنزوێلا سەرسوڕهێنەر بوون و میدیاکان حەز ناکەن باسی بکەن، ئەنجامەکانی ئێرانیش بە هەمان شێوە سەرسوڕهێنەر دەبن.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، دۆناڵد ترەمپ هۆشداری و پەیامێکی ئاراستەی سەرکردایەتیی داهاتووی ئێران کرد و نووسیویەتی: "ئەگەر سەرکردە نوێیەکانی ئێران لە دوای (گۆڕینی ڕژێم) هۆشمەند بن، ئەوا ئێران دەتوانێت داهاتوویەکی مەزن و گەشاوە و پڕ لە خۆشگوزەرانیی هەبێت."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP