هەرێم نیوز
ئاژانسی هەواڵی "نۆڤۆستی"ی ڕووسی، زانیاریی نوێی لەبارەی دۆخی تەندروستیی موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە برینداربوونی ناوبراو ڕاستە، بەڵام مەترسی لەسەر ژیانی نییە.
ئەمڕۆ شەممە ٤ی ٤ی ٢٠٢٦، ئاژانسی نۆڤۆستی لە ڕاپۆرتێکی بەپەلەدا تیشکی خستە سەر ئەو دەنگۆیانەی کە باس لە ناردنی موجتەبا خامنەیی دەکەن بۆ دەرەوەی ئێران بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی.
پوختەی ڕاپۆرتەکەی نۆڤۆستی:
• پشتڕاستکردنەوەی برینداربوون: ئاژانسەکە لە زاری سەرچاوەیەکی دیپلۆماسییەوە ئاشکرای کردووە کە موجتەبا خامنەیی لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەم دواییەدا بریندار بووە.
• ئاستی برینەکە: سەرچاوە ڕوسییەکە جەختی کردووەتەوە کە "برینەکەی سووکە" و هیچ ئاستەنگێکی بۆ دروست نەکردووە لە ڕاپەڕاندنی ئەرکە فەرمییەکانیدا.
• ڕەتکردنەوەی گەشت بۆ ڕووسیا: نۆڤۆستی بە توندی ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە کە گوایە ڕێبەری نوێی ئێران گواستراوەتەوە بۆ ڕووسیا بۆ چارەسەر. ئاماژەی بەوە کردووە کە ناوبراو لە ناو خاکی ئێراندایە و بەردەوامە لە بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات و فەرماندەیی جەنگ.
موجتەبا خامنەیی کە دوای کوژرانی عەلی خامنەیی لە ٢٨ی شوباتی ڕابردوو، وەک ڕێبەری نوێ دەستبەکار بووە، لەژێر فشارێکی زۆری سەربازیی ئیدارهی دۆناڵد ترەمپدایە.