هەرێم نیوز
یەحیا سەریع، وتەبێژی سەربازیی حوسییەکان، رایگەیاند کە یەکەم ئۆپەراسیۆنی سەربازییان دژی ئامانجە "هەستیارەکانی" ئیسرائیل ئەنجامداوە و هێرشەکانیشیان بۆ پشتگیریکردنی ئێران و بەرەی مقاوەمە بەردەوام دەبێت.
ئەمڕۆ شەممە 28ی 3ی 2026، یەحیا سەریع، وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی حوسییەکان لە یەمەن، لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، کە هێزەکانیان یەکەم ئۆپەراسیۆنی سەربازییان بە موشەکی بالیستی دژی ئامانجە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە باشووری فەلەستینی داگیرکراو ئەنجامداوە.
گرنگترین خاڵەکانی راگەیەندراوەکەی حوسییەکان:
• پێکانی ئامانجەکان: وتەبێژی حوسییەکان جەختی کردەوە کە ئۆپەراسیۆنەکە بە سەرکەوتوویی ئامانجەکانی خۆی پێکاوە (ئەمە لەکاتێکدایە سوپای ئیسرائیل دەڵێت رێگرییان لە موشەکەکە کردووە).
• بەردەوامیی هێرشەکان: یەحیا سەریع وتی: "ئۆپەراسیۆنەکانمان بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی دەستدرێژییەکان دژی هەموو بەرەکانی بەرخۆدان رادەگیرێن."
• پشتیوانیکردنی ئێران: وتەبێژەکە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم جووڵە سەربازییەی ئەوان راستەوخۆ بۆ پشتیوانیکردنە لە ئێران و بەرەکانی خۆڕاگری لە لوبنان و عێراق، کە لە ئێستادا لە جەنگێکی قورسدان لەگەڵ ئیسرائیل.
ئەم پەرەسەندنە نوێیە نیشانەی چوونە ناوەوەی فەرمیی حوسییەکانە بۆ ناو ئەو جەنگە هەرێمییەی کە ماوەی دوو مانگە لە نێوان تاران و تەلئەڤیڤدا هەڵگیرساوە.