هەرێم نیوز
حکوومەتی تایلاند گەیشتە رێککەوتنێکی فەرمی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ تێپەڕبوونی نەوت هەڵگرەکانی بە گەرووی هورمزدا، ئەمەش دوای ئەوەی بەهۆی ئاڵۆزییە سەربازییەکانی ناوچەکە، ئەو گەرووە بەڕووی کەشتییەکاندا داخرابوو.
ئەمڕۆ شەممە 28ی 3ی 2026، حکوومەتی تایلاند بە فەرمی رایگەیاند کە لەگەڵ تاران گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن بۆ ئەوەی رێڕەوێکی سەلامەت بۆ نەوت هەڵگرەکانی ئەو وڵاتە لە گەرووی هورمزدا بکرێتەوە. ئەم رێککەوتنە لە کاتێکدایە کە بەهۆی جەنگی ئەم دواییەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گواستنەوەی وزە لەو ناوچەیەدا رووبەڕووی پەکیەوتنی گەورە بووەتەوە.
ئانووتین چارنڤیراکول، سەرۆکوەزیرانی تایلاند لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بە وردەکارییەکان کرد و وتی: "لە ئێستادا رێککەوتنێک کراوە کە رێگە دەدات بە نەوت هەڵگرەکانی تایلاند بە سەلامەتی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕبن، ئەمەش دەبێتە هۆی رەواندنەوەی نیگەرانییەکان سەبارەت بە دابینکردنی پێداویستییەکانی سووتەمەنی بۆ وڵاتەکەمان."
لەو کاتەوەی جەنگی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران دەستی پێکردووە، سوپای پاسدارانی ئێران گەرووی هورمزی بەڕووی کەشتییە نەوتهەڵگرەکاندا داخستووە. ئەم هەنگاوەی تاران بووەتە هۆی تێکچوونی هاوسەنگیی بازاڕەکان و بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی سووتەمەنی لە سەرانسەری جیهاندا، تایلاندیش یەکێکە لەو وڵاتانەی کە هەوڵ دەدات لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە ئاسایشی وزەی خۆی بپارێزێت.