دواین هەواڵ

جیهان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕۆیتەرز ئاشکرای دەکات پاکستان ڕێگەی لە کوشتنی عێراقچی و قالیباف گرتووە

هەرێم نیوز

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی پاکستانییەوە ئاشکرای دەکات کە وڵاتەکەی ڕێگەی گرتووە لەوەی عەباس عێراقچی و محەمەد باقر قالیباف لەلایەن ئیسرائیلەوە بکوژرێن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ی ئازاری 2026 ئاژانسی ڕۆیتەرز زانیاریی زۆر گرنگی لەسەر هەوڵەکانی پاکستان بۆ پاراستنی کەناڵەکانی پەیوەندیی سیاسی بڵاوکردەوە.

بەپێی زانیارییەکان ئیسرائیل شوێنی هەردوو بەرپرسە باڵاکەی ئێرانی دیاری کردبوو و بە نیاز بووە ڕاستەوخۆ بیانکاتە ئامانج.

بەڵام پاکستان دەستوەردانی کردووە و بە واشنتنی ڕاگەیاندووە کە ئەگەر ئەوان بکوژرێن ئەوا کەس نامێنێت قسەی لەگەڵ بکەن.

بەرپرسە پاکستانییە ئاشکرای کردووە کە ئیسلام ئاباد لەپێناو هێشتنەوەی کەناڵەکانی پەیوەندیدا ئەو دەستوەردانەی لای واشنتن کردووە.

ئەو بەرپرسە بە ئاژانسەکەی وتووە کە ئیسرائیل ناوی عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانی لە لیستی ئامانجەکانی سڕیوەتەوە.

ئەم سڕینەوەیەش ڕاستەوخۆ دوای ئەوە هاتووە کە پاکستان بە فەرمی داوای لە ئەمریکا کردووە ڕێگری لە بەئامانجگرتنی ئەو دوو بەرپرسە بکات.

هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە ئیسرائیلییەکان وردەکاریی شوێنەکانیان زانیوە و ویستوویانە بە یەکجاری لەناویانی بەرن، بۆیە پاکستان بە ئەمریکای وتووە ئەگەر ئەوانیش لەناو ببرێن ئەوا کەس نامێنێتەوە قسەی لەگەڵدا بکەن لە تاران.

لە کۆتاییدا ئاشکرای کردووە کە هەر بەهۆی ئەم هۆشدارییەوە ئەمریکا داوای لە ئیسرائیلییەکان کردووە پاشەکشە بکەن و هێرشەکەیان ئەنجام نەدەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP