دواین هەواڵ

جیهان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

هێرش کرایە سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری تورکیا

هەرێم نیوز

کەشتییەکی نەوتهەڵگری تورکیا دوای دەرچوونی لە رووسیا، لە دەریای رەش؛ بە درۆن هێرشی کرایە سەر.

 تەلەڤیزیۆنی ئێن تی ڤی (NTV)ـی تورکیا بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی ئاداری 2026، کەشتییەکی نەوتهەڵی تورکیا بە ناوی ئاڵتورا (M/T Altura) ، لە دەریای رەش و لە نزیک شاری ئیستەنبوڵ بە درۆن هێرشی کرایە سەر.

بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، کەشتییە تورکییەکە بارێکی نەوتی خاوی هەڵگرتبوو و لە رووسیاوە بەڕێکەوتبوو. ئاماژەی بەوەش داوە، رووداوەکە لە دووری 15 میلی دەریایی لە گەرووی بۆسفۆر لە نزیک شاری ئیستەنبوڵ روویداوە.

لەبارەی زیانەکانی هێرشەکەوە کەناڵەکە روونیشی کردەوە، بەهۆی هێرشەکەوە زیان بە رووی دەرەوەی نەوتهەڵگرەکە و ژووری بزوێنەرەکانی گەیشتووە.

دەریای رەش لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا بووەتە گۆڕەپانی ململانێ سەربازییەکان و چەندین جار کەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرەکان کراونەتە ئامانج. تورکیا بە یەکێک لە کڕیارە سەرەکییەکانی نەوتی رووسیا دادەنرێت و رۆژانە چەندین نەوتهەڵگر لە رێگەی دەریای رەش و گەرووی بۆسفۆرەوە نەوتی خاو دەگوازنەوە.

گەرووی بۆسفۆر رێڕەوێکی ستراتیژییە و دەریای رەش بە دەریای مەڕمەڕە و دەریای ناوەڕاست دەبەستێتەوە، پاراستنی ئاسایشی ئەم رێڕەوە بۆ بازرگانیی جیهانی و بازاڕی وزە زۆر گرنگە. هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لەو ناوچەیەدا مەترسیی گەورەی بۆ سەر هەناردەکردنی نەوت و سەقامگیریی ناوچەکە دروست کردووە، زۆرجاریش هێرشە درۆنییەکان ئاستەنگ بۆ جووڵەی کەشتییەکان دروست دەکەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP