هەرێم نیوز
ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و گرووپێک لە نێوەندگیرە ناوچەییەکان خەریکی ڕاوێژن بۆ ئەنجامدانی دانوستانی ئاشتی لە ئاستێکی باڵادا لەگەڵ ئێران، کە ئەگەر هەیە لەم پێنجشەممەیەوە دەست پێ بکات، بەڵام واشنتۆن هێشتا چاوەڕێی وەڵامی فەرمیی تارانە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەمریکا پلانێکی 15 خاڵیی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ ئیسرائیل تاوتوێ کردووە و ئاماژەی بەوە داوە کە تاران لەگەڵ زۆربەی خاڵە سەرەکییەکانی پلانەکەدا ڕەزامەندی نیشان داوە. ئەم هەنگاوە وەک هەوڵێکی جددی بۆ هێورکردنەوەی بارگرژییەکانی ناوچەکە دەبینرێت.
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوە ئیسرائیلییەکان ئاشکرایان کردووە کە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، نیگەرانە لەوەی دۆناڵد ترەمپ بچێتە ژێر باری ڕێککەوتنێک کە لە ئاستی ئامانجەکانی ئیسرائیلدا نەبێت و ئیمتیازاتی گەورە بە ئێران بدات، بە جۆرێک توانای ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر تاران سنووردار بکات. هەروەها سەرکردە ئیسرائیلییەکان بە گومانەوە دەڕواننە ئەو ئیمتیازاتانەی کە ئەمریکا دەڵێت ئێران پێشکەشی کردوون.