هەرێم نیوز
محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی کەرکووک و ئاسایشی وزەی وڵات ئەنجام دا.
ئەمڕۆ دووشەممە 23ی ئاداری 2026 سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی کرد بۆ قسەکردن لەبارەی کاراکردنەوەی هێڵی بۆریی کەرکووک بۆ جەیهان.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشتر هەرێمی کوردستان قایل بووە بەوەی نەوتی کەرکووک لە ڕێگەی بۆریی نەوتی کوردستانەوە هەناردەی جەیهانی تورکیا بکرێت.
محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکایەتیی ئەم کۆبوونەوە تایبەتەی کرد بۆ هەڵسەنگاندنی واقیعی نەوت و وزە لەبەر ڕۆشنایی لێکەوتەکانی ئەو جەنگەی کە ناوچەکە بەخۆیەوە دەیبینێت.
لە کۆبوونەوەکەدا حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوت و بریکار و ڕاوێژکارەکانی وزە و ئابووری و بەرپرسی بەشەکانی سووتەمەنی لە وەزارەتی کارەبا بەشدار بوون.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیران لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە کراوە بە پلانەکانی وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای سۆمۆ و بەرپرسانی کەرتی وزە لە وەزارەتی کارەبا.
وەزیری نەوت تێڕوانینێکی گشتگیری سەبارەت بە پلانی ئێستای وەزارەتەکەی خستووەتە ڕوو بەتایبەتی دوای پەکخستنی هەناردەکردنی نەوت لە بەندەرەکانی باشوورەوە.
هەروەها وەزیری نەوت جەختی کردووەتەوە کە یەدەگی پێویستی بەرهەمە جۆراوجۆرەکانی سووتەمەنی لەبەردەستدایە کە پێویستن بۆ پاراستنی سەقامگیریی وزە لە وڵاتدا.
باسی لەوەش کردووە کە پاڵاوگەکان بەردەوامن لە کارکردن بە توانای تەواو و بە شێوەیەکی سەقامگیر بۆ ئەوەی پێداویستییەکانی بازاڕی عێراق بەتەواوی دابین بکەن.
لەلایەکی دیکەوە کۆبوونەوەکە تاوتوێی پێشنیازەکانی هەناردەکردنی نەوتی عێراقی کردووە لە ڕێگەی بۆری کەرکووک بۆ جەیهان و چەند پێشنیارێکی نوێش خرانە ڕوو.
بابەتی دابینکردنی نەوتی سووتەمەنی و نەوتی غاز و نەوتی سپی و بەنزین و نەوتی ڕەش و هەردوو غازی ناوخۆیی و هاوردەکراو بەشێکی تری گفتوگۆی کۆبوونەوەکە بوون.
هاوکات پێداچوونەوە کراوە بە نرخی سووتەمەنی بۆ پڕۆژە ناوخۆییەکانی عێراق و چارەسەری پێشنیارکراو خرایە ڕوو بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی کارکردنی پڕۆژە پیشەسازییەکان.
ئامانج لەم هەنگاوەش پاراستنی هەردوو کەرتی گشتی و تایبەتە بەبێ ئەوەی بەهۆی گرانبوونی نرخە جیهانییەکانەوە پەککەوتن یان کاریگەریی خراپیان تێدا دروست ببێت.
لە کۆتاییدا کۆبوونەوەکە لەسەر کۆمەڵێک پێشنیار گەیشتووەتە ڕێککەوتن و بڕیارە ئەم پێشنیارانە پێشکەشی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێن بۆ بڕیاردانی کۆتایی.