هەرێم نیوز
لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکان لە ناوچەی کەنداو، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) پەنای بۆ چەکێکی کلاسیکی بردووە کە پێشتر تەنها بۆ جەنگی تانکەکان لەسەر وشکانی ناسرابوو. فڕۆکەی (A-10 Warthog) کە بە "پڵنگی ئاسمانی" ناسراوە، ئێستا ئەرکێکی نوێی پێسپێردراوە؛ ئەویش ڕاوکردنی سەدان بەلەمی خێرای سوپای پاسدارانە کە وەک "مێشوولەی جەنگی" لە دەوروبەری کەشتییە زەبەلاحەکاندا بڵاوەیان کردووە.
ستراتیژیی "ڕاوچی" بەرامبەر "بەلەمە خۆکوژەکان"
سوپای ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت کە ئەم بەلەمە خێرایانە گەورەترین هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی گەرووی هورمز، چونکە دەتوانن لە نێوان شەپۆلەکاندا خۆیان حەشار بدەن و گورزی کوشندە لە کەشتییە نەوتهەڵگرەکان بوەشێنن.
ژەنراڵ دان کین ئاماژەی بەوە کردووە کە فڕۆکەی (A-10) بەهۆی نزمفڕین و توانای مانۆڕی بەهێزی لە ئاستێکی نزمدا، باشترین بژاردەیە بۆ لەناوبردنی ئەو چەکدارانەی لەسەر پشتی ئەو بەلەمانەن، پێش ئەوەی بگەنە ئامانجەکانیان.
چوار کلیلە سەرەکییەکەی واشنتۆن بۆ یەکلاکردنەوەی جەنگەکە
جگە لە ڕاوکردنی بەلەمە خێراکان، واشنتۆن کار لەسەر چوار تەوەرەی ستراتیژیی دیکە دەکات:
بۆردومانی قووڵ: بەکارهێنانی فڕۆکەی (F-15E) و بۆمبی ٥ هەزار پاوەندی بۆ تێکشکاندنی کۆگا ژێرزەوییەکانی موشەکی کرۆز لە کەناراوەکانی ئێران.
جەنگی مینەکان: بەکارهێنانی کەشتییەکانی وەک "سانتا باربارا" بۆ پاککردنەوەی گەرووەکە لەو مینە دەریاییە مەترسیدارانەی کە دەتوانن جوڵەی بازرگانیی جیهانی پەک بخەن.
هێرش بۆ سەر "دوورگەی خارگ": تاوتوێکردنی ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی دابەزینی ٢٢٠٠ سەربازی مارینز بۆ دەستبەسەرداگرتنی دڵی ئابووریی نەوتی ئێران.
دیواری پۆڵایین: یاوەریکردنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لەلایەن کەشتییە جەنگییە تێکشکێنەرەکانەوە کە تێچووەکەی گەیشتووەتە ٢٠٠ ملیار دۆلار.
هورمز؛ گۆڕەپانی یارییە مەترسیدارەکان
لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ ڕایدەگەیەنێت کە پاراستنی گەرووی هورمز ئەرکی ئەو وڵاتانەیە کە نەوتی ناوچەکە دەبەن، بەڵام لە پشت پەردەوە پنتاگۆن گەورەترین جوڵەی سەربازیی دەیەکانی ڕابردووی دەستپێکردووە.
ئێستا پرسیارە جدییەکە ئەوەیە؛ ئایا ئەم "مێشوولە جەنگییانە" دەتوانن سیستەمە پێشکەوتووەکانی ئەمریکا پەک بخەن، یان فڕۆکە کلاسیکییەکانی وەک (A-10) جارێکی تر هاوسەنگیی هێز لە بەرژەوەندی واشنتۆن دەگۆڕن؟